هەولێر و بەغدا چارەسەریان پێنییە
تا دێت كێشەی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكانی كەركوك قووڵتر دەبێتەوە

عیراق

18/05/2019‌ 918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت كێشەی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكانی كەركوك قووڵتر دەبێتەوە، هیچكام لە حكومەتی عێراق و هەرێمیش چارەسەری پێویستیان بۆ كێشەكە پێ نیە.

رژێمی بەعس لەناوەراستی ساڵانی هەفتاكان، جوتیاری عەرەبی لەسەر زەوی و زاری سەدان جوتیاری كورد نیشتەجێكرد، كاتێك لەساڵی 2003 بەعس ڕووخا، كوردەكان گەڕانەوە سەر زەویەكانیان و عەرەبەكان ناوچەكەیان جێهێشت، ئێستا و بەهۆی گەڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بۆ كەركوك، عەرەبەكان جارێكی تر هەوڵی دەركردنەوەی كوردەكان دەدەن.

هێرش حسێن، كە جوتیارێكی كوردی خەڵكی گوندی مامەی سەربە قەزای دوبزە، بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت: عەرەبە هاوردەكانبەنهێنی دەڕاسەیان بردۆتە نێو زەویەكەم و خەلەو خەرمانەكەیان دروێنە كردووم.

ئەو جوتیارە دەشڵێت: ئەو دانەوێڵەی عەرەبەكان بردوویانە بە نزیكەی 90 تۆن مەزەندە دەكرێت.

بەپێی وتەی هێرش ی جوتیار، ساڵی 2003 كاتێك بەعس رووخاوە و گەڕاونەتەوە سەر زەویەكانیان، رێگەیان بەعەرەبە هاوردەكان داوە و بەروبوومی ئەو ساڵەی خۆیان چنیوەتەوە، وتی"كەچی ئێستا بێ ئاگاداری ئێمە، خەلەكانیان درەو كردووین و بەروبوومی ئەمساڵیان بردووین."

چنینەوەی بەروبوومی جوتیارە كوردەكان ، لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەك عەرەبی هاوردە بەچەكەوە رۆیشتنە سەر گوندی پەڵكانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان و هەوڵی دەركردنی كوردەكانیان دا، بەڵام دواتر پەرلەمانتارانی عێراق چوونە خەت و دۆخەكەیان هێور كردەوە.

مەریوان نادر یەكێك لەنوێنەرانی كەركوك لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای وت: ئێمە تەنیا دۆخەكەمان هێور كردەوە و نەمانهێشت شەڕ ڕووبدات، ئەگینا كێشەكان وەك خۆیان ماونەتەوە و پێویستیان بەچارەسەری ریشەیی هەیە."

كێشەی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكانی كەركوك ڕەهەندی سیاسی هەیە و حیزبە كوردی و عەرەبیەكانیش لە پشت مەسەلەكەوەن، بۆیە چارەسەركردنی ئاسان نییە.

هـ ـ ح