ئاشكراكردنی دیداری نهێنی نێوان مایك پۆمپیۆ و هادی عامری لەبەغدا

عیراق

19/05/2019‌ 1985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەنووسی بەریتانی رۆبەرت فیسك كە لە رۆژنامەی "ئیندپێندت"ی بەریتانی كار دەكات باس لەوە دەكات، كە لەسەردانی ئەم دواییەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ بەغدا ، چاوی كەوتووە بە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "البنا".

فیسك لە بابەتێكیدا دەڵێت: رۆژێك دوای دیداری من لەگەڵی ، عامری بەشێوەیەكی نهێنی لە بەغدا چاوی بەمایك پۆمپیۆ كەوتووە ، تێیدا هەردوولا باسیان لەو گرژیانە كردووە، كە لەنێوان وڵاتە یەكگرتووەكان و ئێران لەناوچەكەدا هەیە.

ئەو رۆژنامەنووسە بەریتانییە لەدرێژەی بابەتەیدا دەشڵێت: نازانم بەدیاریكراوی عامری چی بە پۆمپیۆ  وتووە ، بەڵام لەدیداری پێشووترم لە نووسینگەكەی ، عامری بەدوورودرێژی باسی لە خواستی خۆی كرد بەوەی كە عێراق پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو لایەنەهەرێمییەكان هەبێت  ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی عێراق ، نەوەك لەبەرژەوەندی ئەمەریكا یان سعوودییە یان ئیران ".

هەروەها دەڵێت عامری وتوویەتی: ڕێگە نادەین كە واشنتۆن عێراق بكات بە ناوەندێك بۆ چاودێریكردنی وڵاتانی ناوچەكە ، وە رێگەش نادەین وڵاتانی ناوچەكە عێراق بكەنە گۆرەپانی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكانیان لەگەڵ نەیارەكانیان.

فسك ئەوەش دەڵێت: عامری پێیوابووە كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چیتر وڵاتێكی بەهێز نییە ، بەجۆرێك گوتوویەتی " ئەمەریكا ئەمەریكای جاران نییە ، چیتر بەهێز نەماوە" ، چەند نموونەیەكیشی لەسەر شكستی ئەمەریكا لە كوبا و ڤێتنام هێناوەتەوە ، جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق توانای ئەوەی هەیە بەتەنیا شەڕی وڵاتە یەكگرتووەكان بكات و سەریش بكەوێت بەسەریدا ، هەروەك بەدووریشی نەزانی كە بەهۆی رەتكردنەوەی چاوسووركردنەوەكانی واشنتۆنەوە وڵاتەكەی بچێتە پاڵ ئێران .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی