سەفین دزەیی باس لەژمارەی ئەو موچانە دەكات عێراق بۆ هەرێمی ناردووە

عیراق

20/05/2019‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: حكومەتی عێراق لە ساڵی 2019 سێ موچەی ناردووە، كە بێ پاشەكەوت دابەش كراوە، یەك موچە بۆ مانگی 12 ی 2018 بەبێ پاشەكەوت دراوە، بۆ ئەو سێ مانگەش، كە ئێستا موچە دواكەوتووە واتە پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن" دۆلارە، كە موچەی سێ مانگەكەی پێ بدرێت و موچە ڕێك بێتەوە بكەوێتەوە سەر"سكە".

سەفین دزەیی لەچاوپێكەوتنێكی دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حكومەتی هەرێم نییە، هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێككەوتن، كە حكومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لەهەرێمی بڕی لە 2014 ەوە بداتەوە هەرێم ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن ئەوكات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران. 

دەربارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، دزەیی ئامادەیی حكومەتی هەرێمی پیشاندا و وتی: حكومەتی هەرێم ماوەی ساڵێك زیاترە بەنوسراو، بەفەرمی، بە لێدوان و قسەش ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ گفتوگۆكران و چێ‌رەسەركردنی كێشەی نەوت.

هەروەها وتی: دەبێت بەغدا كاتی كۆبوونەوەكە دیاریبكات، هەرێمی كوردستان لەڕووی "پرنسیب"وە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نیە كە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە كە پێویستە لەو پڕۆسەیە چارەسەربكرێت، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان چ ئێستا چ لە كابینەی داهاتوو لەسەر ئەو "مەلەفە" ئامادەیە گفتوگۆیەكی جدی بكات وە چارەسەرێكی بنەڕەت و گونجاو بدۆزێتەوە تا بتوانرێت ئەو دڵە ڕاوكێیە و ئەو گرفتە و ئەو "مقۆ مقۆیە" كە هەندێك لایەن نانی خۆیانی پێدەخۆن لە پەرلەمانی عیراق بەتایبەت حیزبە عیراقیەكان نەهێڵرێت."

هـ ـ ح