عادل عه‌بدولمه‌هدی چه‌ند به‌ڵێنێك به‌ فراکسیۆنە کوردستانیەکانی پەرلەمانی عێراق ده‌دات

عیراق

20/05/2019‌ 809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ و له‌باره‌ی كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكراكرد.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رایگه‌یاند، "باسمان لە کێشەکانی سەرگەڕان و پەلکانە و گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک و کێشەی هاوردەکردنی عەرەبەکان بۆ وەدەرنانی کوردەکان کە زەوی خۆیانە کردووە و بەڵێنی چارەسەرکردنیان دراوە".

راشیگەیاند، "پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک هەندێک لێپیچینەوەی ئیداریی دەکات کە پێچەوانەی یاساکانن و داوامان کردووە سنووری بۆ دابنرێت".

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق وتیشی، "بە سەرۆک وەزیرانمان وت چیدی ناکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت و دەبێت پارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج بکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەڵێنی خەرج کردنی پارەکەی بەمنزیکانە داوە".

هاوكات بەهار مەحمود، سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "داوامان کردووە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت و ئەوانیش ئەمەیان پەسەند کردووە و بەڵێنیان داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت".

ه.م