روحانی: لەئێستادا لەگەڵ دانوستان نیم لەگەڵ ئەمەریکا

جیهان

21/05/2019‌ 223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران لەو قۆناغەی ئێستادا دانوستاندن لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان رەت دەکاتەوە و بەرگری و خۆراگری بە پێویست دەزانێت .

روحانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک پیاوی ئاینی ئێرانی گوتوویەتی " بۆ خۆشبەختی هەموومان هاوڕاین لەسەر پێویستی بەرپەرچدانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان و گەمارۆکانی ، لەو هەڵوێستەشدا جیاوازی لەنێوان گەل و دەسەڵاتدا نییە".

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە واشنتۆن  دەیەوێت ئێمە دەستپێشخەری بکەین لە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژکردنی رەوشەکە ، بەڵام ئێران ئەوە ناکات ".

لەدرێژەیدا سەرۆکی ئێران گوتی "من لەگەڵ دانوستان و ڕێگای دیبلۆماسیدام ، بەڵام لەم ڕەوشەی ئێستادا لەگەڵ ئەو هەنگاوە نیم " گوتووشیەتی " بارودۆخی ئێستا بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەبار نییە ، بەڵکو بەرگری و خۆگری پێویستە" روحانی دەڵێت لەماوەی ساڵی رابردوودا سەرۆکی پێنج وڵاتی جیهان نێوەندگیرییان کردووە تا لەگەڵ ئەمەریکییەکان بکەوینە  گفتوگۆوە ، بەڵام ئێمە رەتمان کردۆتەوە.

سەبارەت بە ڕەوشی ئابووری ئێران روحانی دەڵێت " ئابوورییەکەمان نەگەیشتۆتە ڕێگایەکی داخراو ، ئێستا بارودۆخمان باشترە لە پێش چەند هەفتەیەک ، ئەوەش هەمووی بەهۆی یەکگرتووییمان و پلاندانانی تازەمان .

 

ڕوحانی داوای ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می جه‌نگ ده‌كات

 روحانی ئاماژەی بەکاتی جەنگی نێوان ئێران و عێراق کردووە کە ئەوکات "ئەنجوومەنی کاتی جەنگ" دەسەڵاتیکی فراوانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەبارەی جەنگ و ئابوورییەوە بڕیار بدات .

هەرچەندە باسی لەو دەسەڵاتانە نەکردووە کە بۆ بۆی بگوازرێتەوە بەڵام روحانی گوتوویەتی " ئەمرۆ ئێمە پێویستمان بەو دەسەڵاتانە هەیە".


ئەو قسانەی روحانی لەکاتێکدایە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەڕێگای هەژماری خۆیەوە لە تویتەر ئەو راپۆرتە هەواڵییانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کە واشنتۆن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ئێستا هەوڵ دەدات لەگەڵ ئێرانییەکان بکەوێتە گفتوگۆوە .
وەرگێڕان:  ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی