واشنتۆن بەڵێنی بەکارنەهێنانی خاکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان دەدات

عیراق

21/05/2019‌ 313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق  له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا جەختیکردەوە، کە واشنتۆن پابەندە بە بەکارنەهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک.

جۆی هوود، ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا دیدارێکی سازدا ‌و ڕایگه‌یاند، ئەمریکا عێراق هێشتا وەک هاوبەشێکی ستراتیجی خۆی لەناوچەکە ده‌بینێت.

هود لەبارەی گەیشتنی عێراق بەسەربەخۆی لە بواری وزەدا ڕایگەیاندووە، پێویستە هەنگاوی جددی لەنێوان وڵاتەکەی وعێراقدا بنرێت و لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەمریکا پابەندی ڕێکەوتنامەی ستراتیجی بەغداو واشنتۆنه‌ لە بەکارنەهێنانی خاکی عێراق بۆ لێدان وهێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک.

ئەم بەیاننامەی ئەمریکا جۆرە پاشەکشێکردنێکی هەڵوێستەکانی ئەمریکایه‌ لەبارەی ئامادەبوونی سەربازیانەی لەعێراقدا، چونکە پێشتر لە سەردانی ترەمپ بۆ عێراق  ڕایگەیاند، کە ئامانج لەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خستنە ژێر چاودیری جموجۆڵەکانی ئێران لە عێراق وسوریایە، هەر لەوکاتەشەوە پەرلەمانی عێراق ده‌یویست به‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك سوپای ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌ربكات.


وەرگێڕان: یاسین نادر

بەپەلە