قوباد تاڵەبانى:پشت بەستنی زۆر بە نەوت سستی و تەمەڵی دروستكردووە لە كوردستاندا

کوردستان

22/05/2019‌ 299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بە ئەلەكترۆنیكردنی حوكمڕانی یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردن و شەفافکردنی داهات و ڕێكخستنەوەی بازرگانی و تەنانەت كەمكردنەوەی تاوانەكان و بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە.

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حکومەتى هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلەكترۆنی لە ئیستۆنیا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دژوار و پڕ لە قەیرانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەنگاوەکانی حکومڕانی ئەلەکترۆنی دەست پێکرد، جگە لەوەش لە كوردستان حەزێكی زۆر بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆکراسییەت هەیە، لە بەرامبەر ئەم هەموو لەمپەرەشدا ڕێژەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و توانای گەنجان بەردەوام لە پەرەسەندندایە هەربۆیە دەكرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو تواناکان ڕێكبخرێن و بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو بەسەر لەمپەرەکانی بەردەم حکومڕانی ئەلەکترۆنیدا زاڵ بین.


تاڵەبانی باسی لەوەش كرد جگە لە یاسا كۆنەكان كە پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە، پشت بەستنی زۆر بە سامانی نەوت جۆرێك لە سستی و تەمەڵی دروستكردووە لە كوردستان، ئەوە لە کاتێکدایە کۆمەڵگه‌ی کوردستان نزیكەی 70% گەنجە و زۆربەی هەرە زۆریان تەكنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا بەكاردەهێنن، بۆیە دەكرێت هەنگاو بەرەو ئەوە بنێین کەمتر پشت بە نەوت ببەستین و ئەزموونی وڵاتێکی وەك  ئیستۆنیاش لەمبارەیەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.


جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم   جەختیکردەوە، دەبێت وەزیرەکان سیاسەتی حکوومەت جێبەجێ بکەن نەک بەپێی بەرژەوەندیی حزبەکانیان هەنگاوبنێن چونكە خەڵك بە تایبەت لەم قۆناغەی پاش شەڕی داعش داوای باشترین خزمەتگوزاری دەكەن لە حکوومەت و ئەمەش مافی ئاسایی خۆیانە و دەبێت پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت بێت".

س.هـ