داواى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکان دەکات.. گۆڕان بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان وەڵامى یەکێتى دەداتەوە

کوردستان

23/05/2019‌ 3160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئاسایی بکاتەوەو بڕیارە جڤاتى نیشتیمانى لەو بارەیەوە بڕیار بدات.

 

بەپێى چەند زانیارییەک کە شارپرێس لەسەرچاوەیەکى گۆڕانەوە دەستیکەوتووە لە ئێستادا گۆڕان دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ یەکێتى ئاسایی بکاتەوە ئەوەش بەهۆى ئەو داواکارى و دەستپێشخەریانەیە کەلەلایەن یەکێتیەوە بۆى کراوەو بڕیارە لە داهاتوودا بزوتنەوەکە وەڵامى یەکێتى  بداتەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، لەلایەن یەکێتیەوە دەستپێشخەرى زۆر کراوە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە هەتا بگەڕێنەوە سەر رێکەوتنى دەباشان تا جێبەجێ بکەن، پێشیوایە لەناو گۆڕاندا ئێستا کۆدەنگیەک هەیە لەسەر دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتى.

 

هەروەها بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس لە کۆبوونەوەى داهاتووى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان پرسى کۆبوونەوەو ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتى گفتوگۆى لەسەر بکرێت و لەوبارەیەوە بڕیار بدەن.

 

لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە هێرشکرایە سەر گردى زەرگەتە پەیوەندییەکانى گۆڕان یەکێتى گرژى تێکەوت و گۆڕان چەندین جار کۆبوونەوەى لەگەڵ یەکێتى رەتکردەوە تا ئەو کاتەى یەکێتى داواى لێبوردن لە گۆڕان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا  یەکێتى داواى لێبوردن لەو بزوتنەوەیە نەکردوە.

 

لە دووەم ساڵیادى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا کە چەند رژێک بەر لە ئێستا بوو بەشى زۆرى بەرپرسانى یەکێتى داواى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گۆڕان کردو داوایان کرد رێکەوتنى دەباشان جێبەجێ بکرێت.

 

سەرچاوەکەى گۆڕان باس لەوە دەکات، پرسى تەقەکردن لە بارەگاى سەرەکى گۆڕان لە گردى زەرگەتە تاڕادەیەک لەگەڵ یەکێتى چارەسەر کراوەو نیگەرانییەکان تاڕادەیەک رەویوەتەوە، بەڵام بەوتەى خۆى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکان بەوە دەکرێت کە یەکێتى رێکەوتنەکان جێبەجێ بکات و پابەندیان بێت.

 

شەوى رابردووش باڤڵ تاڵەبانى کوڕى جەلال تاڵەبانى لە میانى بەرنامەیەکى کەناڵى نێت تی ڤى رایگەیاند، بە بڕیارى ئەو تەقە لە گردى زەرگەتە نەکراوەو ئەو پرسەش چارەسەر کراوە.

س.هـ