تۆرەكانی G5 كاریگەری خراپیان لەسەر پێشبینییەكانی كەشوهەوا دەبێت

جیهان

24/05/2019‌ 418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نیڵ جیوكۆبس سەرۆكی ئیدارەی ئەمەریكی بۆ لێكۆڵینەوەكانی زەریاكان‌و بەرگە هەوای زەوی دەڵێت: بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕەكانی نەوەی پێنجەم كاریگەری نەرێنییان دەبێت لەسەر پێشبینییەكانی كەشوهەوا .

بەقسەی ئەو شارەزایەی كەشوهەوا ، ئەو شێواندنەی بەهۆی بەكارهێنانی بەرفراوانی تۆڕەكانی G5 درووست دەبێت وادەكات بەڕێژەی ٣٠% وردی پێشبینییەكانی كەشوهەوا  كەمبكات ، ئەوەش دەیگێڕێتەوە بۆ ئاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو .

نیڵ هۆشداری دەداتە دانیشتووانی ناوچە كەناراوەكان بەوەی بۆ زانینی ئاراستەی ئەو گەردەلوولانەی روو لەكەناراوەكان دەكەن تەنیا پشت بە زانیارییەكانی شارەزایانی كەشناسی نەبەستن ، لەبەر ئەوەی هەندێك جار بەهۆی ئەو شێواندنەی تۆڕەكانی نەوەی پێنجەم درووستی دەكەن ، ئەوانیش زانیاری هەڵەیان دەست دەكەوێت .

كرۆكی كێشەكە لەوەدایە، كە ئەو هەڵمەی لەسەر دەریا و زەریاكان بەرز دەبێتەوە ئاماژەی لاواز بە لەرەلەری ٢٣،٨ گێگاهێرتز پەخش دەكەن ، ئەو لەرەلەرەش لە شەپۆلەكانی ئامێرەكانی تۆڕی G5 نزیك دەبنەوە.

جۆردان گێرت شارەزا لە زانكۆی ویسكۆنسنی ئەمەریكی دەڵێت: چارەسەری كێشەكە بەوە دەبێت، كە توانای ئامێری ئەو تۆرانە كەم بكەینەوە تا ئاستەنگ بۆ هەستەوەرەكانی مانگە دەستكردەكان درووست نەكەن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی