فوئاد حسێن هەرێمى کوردستان رۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رەوانەى دەرەوەى دەکات

عیراق

24/05/2019‌ 2496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی

وەزیرى دارایی عێراق ئاشکراى دەکات، ئەو نەوتەی هەرێم خۆی هەناردەی دەکات کە برەکەی نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلە بەشێکی لێدەداتەوە لە قەرزی ئەو کۆمپانیا نەوتییە بیانیانەی لەکاتی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم و شەری داعش لێمان وەرگرتوون.

 

فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەبەرنامەی " بالحرف الواحد" ی کەناڵی " شەقییە" باس لەکۆمەڵێک تەوەری پەیوەست بە گەمارۆکانی سەر ئیران و سەردانی بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا  و دۆسیەی نەجمەدین کەریم و رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا کرد .

سەبارەت بە سەردانی بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا کە گوایە بۆ ئەوە بووە هۆشداری بە لایەنی عێراقی بدات چیتر مامەڵە لەگەڵ لایەنی ئیرانی نەکەن و دراوی قورس بۆ ئەو وڵاتە نەگوازنەوە، فوئاد حوسێن ئەوەی رەتکردەوە کە عێراق گەمارۆکانی ئەمەریکیا بۆسەر ئیران پیشێل کردبێت، ئەوەشی رەتکردەوە ئەمەریکییەکان بەزمانی هەڕەشە قسەیان کردبێت یان هیچ لیستیکیان دابیت بەلایەنی عێراقی کە ناوی ئەو بانک و کۆمپانیایانەی تێدا بیت کە مامەڵە لەگەڵ ئیرانییەکان دەکەن، بەلام دەڵێت، ئەوان ئەگەر بزانن لەشوێنێک کەموکوڕی هەیە لایەنی عێراقی ئاگادار دەکەنەوە.

سەبارەت بە ناردنی بودجەی هەریم و رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا ، فوئاد حوسێن ئەوەى خستەڕوو، بودجەی عێراق زۆر ڕوونە بابەتی مووچە پابەندییەکە لەسەر شانی حکوومەتی عێراقی و دەبێت چۆن مووچەی نەجەف و شارەکانی تر دەدات ئاواش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات کە لە "ماددەی ١٠ بڕگەی جیم "ئەوە یەکلایی کراوەتەوە و لە مەسەلەی بودجەی هەرێم جیاوازە.

 

 

هەروەها وەزیرى دارایی عێراق دەشڵێت، ئەو نەوتەی هەرێم خۆی هەناردەی دەکات کە برەکەی نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلە بەشێکی لێدەداتەوە لە قەرزی ئەو کۆمپانیا نەوتییە بیانیانەی لەکاتی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم و شەری داعش لێمان وەرگرتوون ، بەشێکی قەرزی ئەو کۆمپانیا و بەڵێندەرە ناوخۆییانەی لێدەدرێتەوە کە پارەیان لای حکوومەتی هەرێمە .

س.هـ