بە بەرنامەیەكی موبایل جۆرە نەخۆشییەكی دەماری دیاریدەكرێت

تەندروستی

26/05/2019‌ 624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵەرانی زانكۆی كوناس لەوڵاتی لیتوانی پڕۆگرامێكیان لەموبایلە زیرەكەكاندا گەشەپێداوە، كە دەتوانێت نیشانەكانی نەخۆشی هۆنتینگتۆن(huntington)  بناسێتەوە.

ئەو پڕۆگرامە كۆمەڵێك تاقیكردنە دەخاتە بەردەست بەكارهێنەرەوە تا نیشانەكانی نەخۆشییەكە بناسرێنەوە،  لەئەگەرێكدا ئەو نیشانانە ناسرانەوە، كەسەكە ئاگادار دەكرێتەوە، كە سەردانی پزیشك بەمەبەستی چارەسەركردنی بكات.

نەخۆشی هۆنتینگتۆن، نەخۆشییەكی دەگمەنە، كە بەهۆی بۆماوەیی جینێكی عەیبدارەوە دروستدەبێت و كێشەكانی مێشكی بەدوادا دێت، كە لە ئەنجامی ئەویشدا كەسی نەخۆش تووشی جووڵەی نائاسایی و لائیرادی و لەدەستدانی هێزی بیركردنەوە و هەست ناسكی دەبێت.

لەئەگەرێكدا ئەگەر دایك یان باوك ئەم جۆرە جینە لە نەخۆشییەكەیان هەبێت، ئەگەری توۆشبوونی منداڵەكانیشیان بەم نەخۆشییە زیاتر دەبێت.

نیشانەكانی ئەو نەخۆشییەش بریتین لە زووهەڵچوون، خەمۆكی، جووڵەی لائیرادی بچووك، كێشەكانی فێربوون لە زانیارییە نوێكان و بڕیاردانە. 

ئەو نیشانانە لەدەستپێكدا بەباشی ناناسرێن، بەڵام ئەم پڕۆگرامە نوێیە لەموبایلەكاندا دەتوانێت ئەو بناسێتەوە.

لێكۆڵەران لەهەوڵدان ئەم پڕۆگرامە زیاتر گەشە پێبدەن تا بۆ دیاریكردنی نیشانەی نەخۆشییەكانیتری سیستەمی دەماری سوودی لێ ببینن.

وەرگێڕان: یاسین نادر