بەپێی لێكۆڵینەوەیەك ئەو ئافرەتانەی هاوسەرگیریان نەكردووە بەختەوەرترن

جیهان

30/05/2019‌ 713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەموو ئەو تویژینەوانەی كراون باس لەوە دەكەن كە هاوسەرگیری بۆ تەندرووستی هەردوو رەگەز گەلێك بەسوودە ، بەڵام شارەزایەك دەڵێت رەنگە ئەوە بۆ ئافرەتان وانەبێت.

پرۆفیسۆر بۆل دۆلان "شارەزای بەختەوەری" و  مامۆستای زانستە رەفتارییەكان لە كۆلێژی ئابووری لەندەن دەڵێت "خواستی سەقامگیری و درووستكردنی خێزان رەنگە هەربەراستی كاریگەری خراپی لەسەر خۆشگوزەرانی ژنان هەبێت ".

دۆلان لەكاتی قسەكردنی لە ڤیستیڤاڵی های ( ڤیستیڤاڵێكی ئەدەبییە و ساڵانە لە وێڵز سازدەكرێت) گوتی كە بەختەوەرترین گرووپی دانیشتووان ئەو ژنانەن كە هەرگیز شوویان نەكردووە یان منداڵییان نەبووە .

دۆلان لە نوێترین كتێبیدا "Happy Ever After: Escape the Myth of The Perfect Life"  بەراوردی چێژ و نائومێدی لای ئەو كەسانە كردووە كە هاوسەرگیریان كردووە و  ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەكردووە ، ئەوانەی لێكجیابوونەتەوە ، لای بیوەژن و بێوەپیاوەكان .

تێبینی كردووە كە ئاستی خۆشبەختی ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان كردووە تەنیا لەوكاتەدا لەو ئافرەتانە بەرزترە كە هاوسەرگیرییان نەكردووە ئەگەر بێت و مێردەكەیان لەژوورێكی جیاوازدا بخەوێت .

دۆڵان دەڵێت ئێستا ئەو بۆچوونە كۆمەڵایەتییەی كە شوونەكردنی بەعەیب دەزانی گۆرانكاری بەسەردا هاتووە ، بەجۆرێك ئەو ئافرەتانەی بێهاوسەر ماونەتەوە یان منداڵیان نییە لەوانە بەختەوەرترن كە شوویان كردووە و دوای چەند ساڵێك لە هاوسەرگیرییەكەیان تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی بوونەتەوە.

ئەو شارەزایەی بواری خۆشبەختی دەڵێت "هاوسەرگیری پیاوان بەختەوەرتر دەكات بەهۆی ئەو پاڵپشتییە دەروونیی و سۆزدارییەی بەدەستی دەهێنن ، لەبەرانبەردا بەتێپەڕبوونی كات ژنان كەمتر بەختەوەر و كەمتر لەشساغ دەبن ".

بەڵام هێشتا هاوسەرگیری و بوونی منداڵ بە گرنگترین نیشانەكانی سەركەوتن دادەنرێت لەژیاندا ، ئەوەش وا لەهەندێ لەو ئافرەتانە دەكات كە شوویان نەكردووە هەست بە رەزامەندی نەكەن ، بەهۆی ئەو شێوازەی لەكۆمەڵگەدا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت .

كورت و پوخت ، كاریگەری هاوسەرگیری كردن یان نەكردن لەسەر هەردوو رەگەز گەلێك جیاوازی تیدا دەبینرێت ، ئەوەش وادەكات پێویستی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر هەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی