بەرهەم ساڵح بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان: سنووری ئێمە مەبەزێنن

عیراق

30/05/2019‌ 3381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمە جاری یەكەم نییە دەسەڵاتدارانی عێراق بێزاری خۆیان لە سنوربەزاندنەكانی سوپای توركیا دەردەبڕن بۆ ناو خاكەكەیان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، نیگەرانن لە زۆری پڕۆسە سەربازییەكانی سوپای توركیا بە بۆردومانە ئاسمانییەكانیشەوە بە بیانوی ڕاوەدوونانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

 لەم بارەشەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا، لە دوا سەردانی بۆ ئەنقەرە،‌ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، دووپاتی پێویستی و گرنگی پاراستنی سەروەری عێراقی كردەوە، هەموو دەستتێوەردانێكی سەربازی تاكلایەنەشی لە كاروباری عێراق و بەزاندنی سنورەكەی ڕەتكردەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی عێراق، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوتا توركییەكەی لە ئەنقەرەوە وتی: دەستەبەری ئاسایشی هاوبەش، لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان وڵاتان و دەوڵەتانی ناوچەكەوە‌ مەیسەر دەبێت.

بەیاننامەكە ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەردوو سەرۆك باسیان لە ڕووداو و دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە كردووە، جەختیش لەسەر گرنگی هاریكاری و پەنابردنەبەر گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان هەموو لایەنەكان كراوەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی تەنگژە هەنووكەییەكان و دووركەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە و قەڵسكردن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ئەمنی و ئابووری.

هەروەها گفتوگۆكان تایبەتیش بوون بە پەیوەندی نێوان هەردوو ووڵات و پێویستی پەرەپێدان و فراوانكردنیان بۆ گەیشتن بە ئاسۆیەكی هاریكاری هاوبەشانەی نێوان هەردوولا.

ساڵانێكی زۆرە عێراق داوای كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا دەكات لە بەعشیقە، عێراق پێی وایە ئەم هێزانە ڕەزامەندی عێراقیان وەرنەگرتووە لە هاتنەناوەوەی خاكەكەی، بۆیە بوونیان پێشیلكردنێكی ڕاشكاوانەی سەروەری عێراقە.

ئەم‌ پرسە، لە نێوان حەیدەر عەبادی و ئەردۆغاندا، شەڕەقسەی لێكەوتەوه. 

كاتێكیش عێراق پڕۆسەیەكی سەربازی بۆ ئازادكردنی موسڵی ژێر دەسەڵاتی داعشی تیرۆرست دەستپێكرد، توركیا مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی هێزەكانی لەو جەنگەدا بەشداربن، بەڵام عێراق ئەم داوایەی ئەنقەرەی ڕەتكردەوە.

ئەو كات ئەردۆغان لە یەكێك لە ووتەكانیدا ڕووی لە عەبادی كردوو پێی وت: پێوستە نرخی خۆی بزانیت، تۆ لە ئاستی مندا نیت، تۆ هاوشانی من نیت، تۆ لە چەشنی من نیت.

عەبادیش لە زیاتر لە بۆنەیەك ئەوەی دووبارە كردەوە ، كە پێویستە توركەكان پێیان وا نەبێت بووینان لە عێراق بۆ سەیران و گەشت و گوزارە، ئەم قسەیەش توركەكانی توڕە كرد.

ئەردۆغانیش لە كۆبوونەوەیەكی سەركردە ئیسلامییەكان لە ئەستەمبوڵ، ڕووی دەمی لەعەبادی بوو و وتی: سەرۆك وەزیری عێراق بێڕێزیم پێ دەكات..  تۆ هاوتای من نیت، لە ئاستی مندا نیت، هاوار و قیژەقیژت لە عێراق، هیچ بەلای ئێمەوە گرنگ نییه، ئێمە ئەوەی بمانەوێت دەیكەین. دەبێت باش باش ئەوە بزانیت و سنوری خۆشت نەبەزێنی.

پیشتریش عەبادی ڕایگەیاند بوو، كە بوونی توركیا لە عێراق، لەوانەیە شەڕیكی هەرێمی لێ بكەوێتەوە. ووتیشی لێدوانەكانی بەرپرسە توركییەكان دژیەكن.

ئەردۆغان هەمان چەلەحانێی و دەمبەدمەی لەگەڵ نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقیش هەبوو، مالیكی پێشتر ووتبووی: ((ئەردۆغان هەر بەوە ناوەستێت ئاسانكاری بۆ جوڵەی مافیاكانی داعش بكات، بەڵكو هەڕەشە لە كۆششە نێودەوڵەتییەكانیش دەكات كە تەرخان كراون بۆ لە ناوبردنی ئەو ڤایرۆسە تیرۆرستییەی لە ناوچەكەدا بڵاوبۆتەوە.

ئەم هەڵوێستە دژانە، پێلێڕاكێشانی لایەنی توركی لە فەرامۆشكردنی داواكاری عێراقییەكان و پێشێلكردنی سەروەریان بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، هێشتا ئەم هەڵوێستە دژیەكانەی هەردوولا، سایە و سێبەری بەسەر پەیوەندییەكانی هەردوولاوە ماوە، چاودێران پێیان وانییە سەردانەكان  موجامەلە دبلۆماسییەكان ئەو بەستەڵەكە بشكێنن و ئەو گرێكوێرانەش بكەنەوە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر