لەیادی پێنجەم ساڵەیدا.. رۆژی كەوتنی موسڵ چۆن بوو؟

عیراق

11/06/2019‌ 1316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرەبەیانی رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەو رۆژەی بارودۆخی موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەجۆرێك گۆڕا گەڕانەوەی بۆ نەبێت ، بۆیە ئەو رۆژە رۆژێكی ئاسایی نەبوو.

دوای پێنج رۆژ لە شەڕ لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ، ڕێكخراوی داعش توانی دەست بەسەر دووەم گەورەترین شاری عێراقدا بگرێت ، ئەوەش دەرگای لەسەر لایەنە ڕكابەرەكانی عێراق كردەوە بەوەی یەكتر بە هۆكاری ئەو شكستەی موسڵ تۆمەتبار بكەن .

رۆژێكی ترسناك
رۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٤ كۆمەڵێك چەكداری ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لەناكاو پەلاماری موسڵیانداو دەستیان بەسەر چەند گەڕەكێكی رۆژئاوای موسڵدا گرت بەتایبەت ناوچەی هەڕەمات و مشەیرەفە و ١٧ی تەمموز .

كاتێك بەرەبەیانی رۆژی ١٠ی حوزەیران خەڵكی موسڵ لەخەو هەستان بینیان شارەكە هیچ سەرباز یان پۆلیسێكی عێراقی لێنییە ، هەموویان پێگەكانی خۆیان بەجێهێشتبوو بەرەو هەرێمی كوردستان رایان كردبوو ، بەوەش بەری چەپی شاری موسڵ كەوتە دەستی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە .

وەلید عومەر، كە هاووڵاتییەكی خەڵكی موسڵە دەڵێت: هەرگیز بڕوامان نەدەكرد ئەو وردە پێكدادانانەی نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی ئەو رێكخراوە بگاتە ئاستی ئەوەی شارەكە بەو خێراییە بكەوێت .

دەشڵێت: خەڵكی ناوچەكە پێمان وابوو دەستگرتنی رێكخراوی داعش بەسەر رۆژهەڵاتی موسڵ شتێكی كاتییە و وەك هەموو جارەكانی پێشووتر و هەموو گەڕەكانی تری پێكدادانەكانی نێوان سوپای عێراو و ئەو چەكدارانە بە دەركردنی داعش كۆتایی دێت .

بەڵام ئەوەی روویدا بەخەیاڵی كەسدا نەدەهات ، بەجۆرێك وەلید زانیویەتی شەوی ١٠ی حوزەیران جیاوازە ، ئەوەش دوای دڵنیابوونەوە لە كەوتنی فەرماندەی پرۆسەكانی نەینەوا كە لە فرۆكەخانەی موسڵ نزیكە دەركەوت رەوشەكە بەرەو خراپتر دەڕوات .

ئەحمەد عوبێدی یەكێك لە دانیشتووانی گەرەكی زهوور لە بەری رۆژئاوای موسڵ دەڵێت ئەو و هەموو خەڵكی موسڵ ئەو شەوە نەیانتوانیوە بخەون ، كەلەگەڵ بیستنی دەنگی تەقە و تەقینەوە و عوبیدی و خەڵكی تریش پێیان وابووە كە هێشتا شەڕەكان دوورن .

لەگەڵ پاشەكشەی سوپا لە بەری چەپی موسڵ و نەمانی ئەو قەدەغەیەی سوپا لەكاتی دەستپێكردنی شەڕەكانەوە سەپاندبووی ، سەدان خێزان بەرەو دەروازەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شارەكە بەڕێكەوتن .

لەگەڵ خۆرهەڵاتن عوبێدی چەكدارانی داعشی بینیوە كە بە شەقامەكانی بەری چەپی موسڵدا دەسووڕانەوە و  رایاندەگەیاند كە بەتەواوەتی دەستیان بەسەر هەردوو بەشەكەی موسڵدا گرتووە .

دووكەڵ لە بنكەكانی پۆلیس و بنكە سەربازییەكانی سوپای عێراق بەرز دەبۆوە ، خەڵكی موسڵ دەڵێن ئەو دیمەنانە لە فلیمێكی هۆڵیود دەچوو كە سەرەتایەكەی بزانرێت بێئەوەی وردەكارییەكەی روون بێت .

لاشەی سەربازە عیراقییەكان لەسەر هەر پێنج پردەكەی موسڵ كەوتبوون ، ئاگر لە ئوتومبێلە سەربازییەكانی سوپای عێراق بەردرابوو ، رێگاكان پڕبوون پۆستاڵ و خوزە و دەرعی سەربازە عیراقییەكان كە لەگەڵ چەكەكانیان بەجێهێشتبوو .

جەمال سەبباغ كە رۆژی كەوتنی موسڵ ئاوارە بوون دەڵێت ئەو رۆژە هەرگیز لەیاد ناچێتەوە و موسڵییەكان نەوە دوای نەوە دەیگێڕنەوە ، دەشڵێت سەرەرای ئەوەی سوپای عێراق زۆر تەنگی پێهەڵچنیبوون ، بەڵام هەرگیز ئومیدی ئەوەیان نەدەخواست ئەو رۆژەیان بدیبایە .

ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری ئەوكاتی موسڵ كەوتنی شارەكە بە "كەوتنی سەربازی"  وەسف دەكات و دەڵێت " فەرماندەی سەربازی باڵا لە موسڵ بارەگاكانی خۆی بەجێهێشت و هیچ پەیوەندی لەگەڵ یەكەكانی ناو شاری موسڵ نەما كە لەئەفسەرە مەیدانییەكان و سەربازەكان پێكهاتبوو ، بۆیە یەكەكان دوای ئەوەی هیچ فەرمانێكی شەڕكردنیان بەدەست نەگەیشت شارەكەیان چۆڵ كرد .

نوجەیفی پێیوانییە كە كەوتنی موسڵ بەهۆی ناكۆكییەكانی ئەوەوە بووبێت لەگەڵ نووری مالیلكی سەرۆك وەزیری ئەوكاتی عێراق ، بەڵكو پرۆژەیەكی پلانبۆداڕێژراو بوو بۆ وێرانكردنی ئەو ناوچانەی پرۆژەی ئێرانییان رەت دەكردەوە.

دەشڵێت پرۆژەكەی بەغدا ئەوە بوو كە لەبەری راست بكشێینەوە بۆ بەری چەپ ، دوایت بەری راست گەمارۆ بدەین و لەڕێگای فرۆكە تۆپخانەكانەوە بۆردوومانی بكەین ، بەڵام هەرەسهێنانی فەرماندەكان بووە هۆی ئەوەی نەوەك هەر موسڵ بەڵكو شارگەلێكی زۆریش بكەونە ژێر دەستی داعش.

بەڵام حەنین قەدۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی هاوپەیمانی ن=بنیاتنانەوە پێیوایە كە ململانێی سیاسی لەنێوان مالیكی و نوجەیفی هۆكاری كەوتنی موسڵ بووە .

قەدۆ دەڵێت هۆكارگەلی تریش هەبوون یارمەتیدەر بوون بۆ كەوتنی موسڵ وەك ئەو خۆپیساندانە جەماوەریانەی نوجەیفی پشتیوانی دەكردن ، ئەو گەندەڵییەی لەناو هێزەكان و سوپا دەزگا ئەمنییەكان بڵاو ببۆوە ، جگە لە كەمتەرخەمی و گوێپێنەدانی ئەو هیزە كوردیانەی لەوێ نزیك بوون .

هیشام هاشمی شارەزا و شیكەرەوەی ستراتیژی دەڵێت كە ئەو و ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران پێیان وایە كە ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی دەركەوتن و هەڵكشانی ڕێكخراوی داعش هێشتا هەر ماون ، لەبەر ئەوە كارەساتی موسڵ و ئەوەی دوای ئەو روویدا راستكردنەوە نەبوو ، توانرا داعش تێكبشكێنرێت بێ ئەوەی سەركەوتن بەسەریدا بەدەستبهێنرێت .

سەبارەت بە ئەو هێرشانەی چەكدارانی داعش لە دەوروبەری گوند و شارە ئازادكراوەكان پێیان هەڵدەستن هاشمی دەڵێت هەتاوەكو زوڵم و ستەم هەڵكشێت توانای گرووپە رادیكاڵییەكان لە كۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت .

دەشڵێت حاڵی رێكخراوی داعش وەك حاڵی هەموو رێكخراوە توندڕەوەكانی ترە و بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت كە بریتییە دامەزراندن دواتر ئەو ڕێخۆشكردنەوەی سەردەكێشێت بۆ تواناداری .

هاشمی وادەبینێ كە داعش ئێستا لە قۆناغی دووەمیدایە كە ئەویش ڕێخۆشكردنە ئەوەش دوای ئەوەی توانی سەرلەنوێ پەیكەری رێكخراوەیی دابمەزرێنێت ، دەشڵێت ئێستا ترسناكترین قۆناغە كە داعشی پێدا تێدەپەڕێت ئەویش دەستكردنە بە هێرشی چەكداری جۆریی.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە