لەبنكەی "عەین ئەسەد" ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سوپای عێراق و ئەمەریكا

عیراق

13/06/2019‌ 2259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارێزگای ئەنبار  باسی لەوە كردووە، كە لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لەرۆژئاوای پاریزگای پارێزگاكە، كە هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكای تێدا جێگیركراون ناكۆكی درووست بووە .

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و ئەو هێزە ئەمەریكییەی لەبنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لەناحیەی بەغدادی سەر بەقەزای هیت هەڵگیرساوە، بەهۆیەوە ئەمەریكییەكان فەوجێكی حەشدی عەشائیریان هەڵوەشاندووەتەوە، كە لەژێر دەستی ئەمەریكییەكان خەریكی راهێنانی سەربازی بوون ، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی رەزامەندی حكومەتی ناوەندیان نییە لەسەر میكانیزمی راهێنانی ئەو فەوجە، كە نزیكەی ٤٠٠ چەكداری لەخۆ دەگرت.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، ئەو ناكۆكییانە پرۆسەی بەشداریكردنی فرۆكەكانی ئەمەریكای لەبۆردومانكردنی پێگەكانی چەكدارانی داعشی لەناوچە بیابانییەكان لە رۆژئاوای ئەنبار هەڵوەشاندووەتەوە ، بێ ئەوەی ئەو ناكۆكیانە ئاشكرا بكرێن.

بەقسەی سەرچاوەكە بەهۆی ئەو ناكۆكییانەوە ئێستا تەنیا هێزی ئاسمانی عێراقی لەكاتی پرۆسە سەربازییەكانی هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش پاڵپشتی سوپای عێراق دەكەن‌و مۆڵگە و بنكەكانیان لەو ناوچانە بەئامانج دەگرن .

هـ ـ ح