شارپرێس:
سەرۆكی توركیا لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، سەرۆكی دەوڵەتی فەڵەستین مەحموود عەباس دوو ساڵە ناتوانێت لەم هۆڵە بەشدار بێت و ئەو نادادپەروەرییە دژ بە خوشك و برایانی فەڵەستینیمان ویژدانی ئێمەی بریندار كرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەوتارێكدا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، ئەگەر مەحمود عەباس بەشداریش نەبێت، ئەوە ئێمە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، دەبین بە دەنگی ئازادیی و سەروەریی دەوڵەتی فەڵەستین، ئەمڕۆ جارێكی دیكە بانگهێشت لەو وڵاتانە دەكەم كە دەوڵەتی فەڵەستینیان بە فەرمی نەناساندووە، پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیاندا بكەن.
لەبارەی غەززەوە ئەردۆغان وتی "غەززە ئەمڕۆ تەنیا گۆڕستانێكی گەورەی منداڵان نییە بەڵكو لە هەمان كاتدا بەرزترین ئاستی منداڵانی كەمئەندامیشی تێدایە، لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، غەززە نامرۆڤانەترین و شەرمهێنەرترین كەمپە".
دەشڵێت، لەجیهانێكدا كە لەلایەكەوە بە تۆن خۆراك فرێ دەدرێت، لەلایەكی دیكەوە بەسەدان ملیۆن كەس لەناو تەنەكەی زبڵدا بەدوای خۆراكدا دەگەڕێن، ناتوانرێت باس لە دادپەروەری بكرێت.