شارپرێس:
عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند،"دوای هەوڵێكی دوورودرێژ و تێپەڕكردنی زۆرێك بەرزی و نزمی، هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان بەڕەسمی یەكخرایەوە. هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ كوردستان، بۆ هێزی پێشمەرگە و بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە".
عەبدوڵا موهتەدی لەپەیامەكەیدا دەڵێت "وێڕای پیرۆزبایی لە حكوومەت و حیزبەكان و هەموو لایەنی پەیوەندیدار و لە سەرجەم خەڵك و پێشمەرگەی ئەو هەرێمە خۆشەویستە، جارێكی دیكە بڕوای خۆمان بە پڕەنسیپی هەبوونی هێزیكی یەكگرتووی پێشمەرگە لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دووپات دەكەینەوە و پێشنیاری خۆمان بۆ دەسپێكی گفتوگۆی جیددی لەنێوان حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە مەبەستنی داڕشتنی بنەماكانی گەڵاڵەیەك لەم پەیوەندەدا پێشكەش دەكەینەوە".
دەشڵێت "ئەگەر دەمانەوێ بە خۆمان و بە دنیای دەرەوەی بسەلمێنین كە ئێمە نەتەوەیەكین شیاوی بەڕێوە بردنی خۆمانین، ئەگەر دەمانەوێ ئەزمونە تاڵەكانی باشوور و هی خۆشمان دووپات نەكەینەوە و دڵەڕاوكێ لە كارەساتی ناخۆش و خوێناوی لە نێوان هێزە سیاسییەكان بە كەمترین ئاست و بە سفر بگەیەنین و چەك لە كێشەی نێوخۆیی كورد بەتەواوی دەربهێنین، پێویستە وەكوو هەموو گەلانی پێشكەوتوو و مۆدێرن، هێزەكەمان هێزێكی یەكگرتوو بێت كە تەنیا بۆ پاراستنی كوردستان و دانیشتووانی و ئاسایشەكەیان بەكار بهێندرێت".
