شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامێکی پیرۆبایی
بەبۆنەی یادی لەدایکبونی ئاراستەی نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت،" ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان
راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم
هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت ".
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا بح نێچیرڤان بارزانی
ئاماژەی بەوەکرد،" پۆست و نازناوەکان دێن و دەڕۆن - سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران...
- و تۆ بەرزترینەکانیانت بە سەربەرزییەوە هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک
نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی
بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە
کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە
تەواوی بووە هی خۆمان ".
قوباد تاڵەبانی لەپەیامەکەیدا باسی لەوەشکردوە،" لەناو
ئەو هەموو قەیران و ساتە ئەستەم و رۆژە ناخۆشانەی کە پێکەوە پێیدا تێپەڕبووین، ئەگەر
هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا
ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت. بەڵام پێکەوە بەسەر سەختی و ناخۆشییەکان، هەوراز و نشێوییەکاندا
زاڵ بووین و هاوڕێیەتیمان پتەوتر و شکۆدارتر بوو. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێکی تر
سوپاسگوزاری ئەم هاوڕێیەتییە شکۆدارەم ".
وتیشی،" یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و
کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان
لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە
رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین ".
لەپەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا ئەوەش هاتوە،" هیوای
تەندروستی، بەختەوەری و تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. دڵنیام کە چەندین وێستگەی دیکەی
گرنگ لە ژیانتدا تۆمار دەکەیت و ئێمەش شانازی دەکەین کە وەک هەمیشە برا و هاوڕێ و
هاوکار و پشتیوانت بین ".
