پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێم دوو پێشنیار ئاشكرادەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 659 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی بەدواداچون لەگرانی نرخی سوتەمەنی لەهەرێم، كەلەئەندامانی پەرلەمانی عێراق پێكهاتون، پێشنیازەکانی خۆیا ئامادە کردوەو خستویەتییە بەردەم وەزیری نەوتی عێراق.


سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلیژنەی نەوت و گاز ڕایگەیاند، سەرجەم پێشنیازە گەڵاڵەکراوەکان لەبەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندان و دوو بژاردەی سەرەکی دەخەنە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق.

یەکەم پێشنیار: دەبێت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاستەوخۆ بەنزین و سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەهەمان ئەو پێوەرو نرخەی لەپارێزگاکانی دیکەی عێراقدا هەیە، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی دیاریکراوە.

دوەم پێشنیار: لەئەگەری ئەوەی بڕی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوی تێچوی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن لەئەستۆ بگرێت، تاوەکو بەنزینەکە بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەست هاوڵاتییانی هەرێم.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە کە لەهەردو حاڵەتەکەدا، چ لەرێگەی بەرهەمی ئامادەکراو بێت یان نەوتی خاو، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بەجۆرێک سوتەمەنی دابین بکات کە هاوشێوەو هاونرخی ناوچەکانی دیکە بێت، هاوکات هەر پێوەرێک بۆ دیاریکردنی بڕی سوتەمەنی بۆ پارێزگاکانی عێراق بەکاردەهێنرێت، هەمان پێوەر بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

شێروانی ئاماژەی بەوەش کردوە، لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەو دابینکردنی سوتەمەنی لەلایەن بەغداوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی سوتەمەنی بەهەمان نرخی پارێزگاکانی عێراق بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات.