كۆمپانیای هواوی بڵاوكردنەوەی مۆبایلی هۆشمەندی نوشتاوە دوادەخات

هەمەڕەنگ

17/06/2019‌ 502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای هواوی چینی بڵاوكردنەوەی هاندە تازەكەی MATE X  تا مانگی ئەیلول دوادەخات، كە پێشتر بڕیار وابوو لەم هاوینەدا بڵاوبكرێتەوە.

كۆمپانیاكە ڕایگەیاندووە، دەیەوێت تاقیكردنەوەی زیاتر لەسەر هاندەكە بكات پاش ئەو كێشانەی لەشاشەی مۆبایلی نوشتاوەی سامسۆنگ گەلاكسی فۆڵد دا دەركەوتن.

هەردوو كۆمپانیاكە لە مانگی شوباتدا بۆ یەكەم جار پەردەیان لەسەر ئامێرەكانیان لادا، بەڵام هواوی راشیگەیاندووە، دەیەوێت زیاتر وریا بێت.

لە ئێستادا سامسۆنگ هیچ وادەیەكی بۆ بڵاوكردنەوەی هاندەكەی خۆی دیاری نەكردووەو هواوی-یش ئەوەی بۆ  BBC  دووپاتكردووەتەوە، چاوەڕێ دەكرێ لە مانگی ئەیلولدا مۆبایلی MATE X بخرێتە بازاڕەكانەوە. 

هەروەها بە CNBC ڕاگەیاندووە، ''نامانەوێت بەرهەمێك بخەینە بازاڕەوە كە ناوبانگمان بشێوێنێ.''

بێن ود لە بەرنامەی CCS Insight ڕایگەیاند، پێشتریش وا بڕیاربوو كە MATE X دوای سامسۆنگ گالاكسی فۆلد بخرێتە بازاڕەوە، بەڵام كێشەكانی مۆبەیلەكەی كۆمپانیا كۆرییەكە دەرفەتی زیاتری بیركردنەوە بە كۆمپانیای هواوی دەدا.

هەروەها وتیشی ''بێگومان هواوی كۆمەڵێك وانەی گرنگ لە كێشەكانی سامسۆنگ فێر بووە، بۆیە پشكنینی زیاتر بۆ MATE X  دەكرێت بۆ ئەوەی دڵنیابین لەڕوونەدانی هەر ئەگەرێكی خراپ.''

هەر ئەم هەفتەیە هواوی بڵاوكردنەوەی لاپتۆپێكی تازەی هەڵوەشاندەوە بەهۆی ئەوەی لەئێستادا خراوەتە لیستی ڕەشی بازرگانی ئەمریكاوە.

ئەو كۆمپانیایەی، كە ئەم لاپتۆپە تازەیە دروست كردووە تۆمەتبار كراوە بەئەنجامدانی ساختەكاری بانكی بۆ خۆلادان لە گەمارۆكانی سەر ئێران، هەروەها ڕێگری لە ڕێكاری یاسایی و چەند پێشێلكاریەكی دیكەش‌و كۆمپانیاكەش ئەوە ڕەتدەكاتەوە كە هەر كارێكی نایاسایی كردبێت.

سەرچاوە: BBC
وەرگێڕان: هێمن عەزیز