سارا ناتانیاهۆ بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی پارەی دەوڵەت سزا دەدرێت

جیهان

18/06/2019‌ 773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سارا ناتانیاهۆی خێزانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی خەجكردنی نایاساییانەی هەزاران پاوەند لە موڵكی گشتی سزا دەدرێت.

دادگایەكی شار قودس ڕازی بوو بە داوایەكی سارا ناتانیاهۆ بە دانی ١٥٠٠٠ هەزار دۆلار بە موڵكی دەوڵەت وەك قەرەبووی ئەو مامەڵە نایاساییەی كە خانمی ناوبراو بە موڵكی گشتییەوە كردبووی.

ئەو سزادانە كۆتایی بە یەكێك لەو كەیسە زۆرانە هێنا كە دژ بە خێزانەكە لە ئارادان. لەگەڵ ئەوەشدا، بنیامین ناتانیاهۆ، چاوەڕێ دەكرێ كۆتایی ئەمساڵ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی گەندەڵی تر ببێتەوە كە ڕەنگە كۆتایی بە سەرۆكایەتییەكەی بهێنن و تەنانەت ڕەنگە زیندانیش بكرێت. بەڵام خۆی هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە.

بەپێی ئەو تۆمەتەی كە دژ بە سارا ناتانیاهۆ بەرز كراوەتەوە، خانمی ناوبراو لەگەڵ فەرمانبەرێكی تری حكومەت تۆمەتباركرابوون بە خەرجكردنی نزیكەی ١٠٠ هەزار دۆلار بۆ خواردن و بانگێشتی هاوڕێیانیان بۆ خواردنگە گرانبەهاكان لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ  ٢٠١٣ دا.

سارا خۆی دانی بەوە دانا كە خراپ بەكارهێنانی پارەی دەوڵەتی لە لایەن یەكێك لە فەرمانبەرەكانەوە بۆ قازانجی خۆی قۆستۆتەوە و نزیكەی ٥٠ هەزار دۆلاریان خەرج كردووە.

سارا ناتانیاهۆی تەمەن شەست ساڵ، كە هاوكات دەرونناسی منداڵانە، وەك خێزانی بنیامین ناتانیاهۆ هەمیشە جێگەی مشتومڕ بووە. سەرەڕای ئەو كەیسی گەندەڵییە، پێشتر كۆمەڵێ تۆمەتی دیكەی ئاڕاستە كرابوون بە بیانووی ئەوەی كە مامەڵەی خراپی لەگەڵ فەرمەنبەرەكانی كردووە و ڕۆژنامەكان بە ''ماریا ئەنتوانێت''ـی فەڕەنسا ناویان بردبوو.

ساڵی ٢٠١٧، خانمی ناتانیاهۆ فەرمانی پێكرا بە دانی دەیان هەزار پاوەند بە دوو فەرمانبەری خۆی كە بە ئەنجامدانی ڕەفتاری چەپێنەرانە تۆمەتباریان كردبوو. هەروەها تووشی سكاڵایەكی دیكەش بووەوە لە لایەن فەرمانبەرێكەوە بە بیانووی ئەوەی وەك كۆیلە مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرەكانی كردووە.

ساڵی ڕابردوو تۆمارێكی دەنگی بڵاوبووەوە كە تیایدا سارا شێتانە بەسەر یەكێك لە ڕۆژنامەنووساندا هاوار دەكات لەسەر نووسینی ستونێك لەسەر ئەو بە بیانووی ئەوەی كە لەو ستونەدا ئاماژەی بە بڕوانامە زانستییەكانی نەكردووە.

بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆمەڵێ كەیسی گەندەڵی زۆر گەورەترەوە گلاوە و بڕیارە لە مانگی ئۆكتۆبەردا لەم بارەیەوە وتەكانی لە دادگا وەربگیرێت، ئەمەش پاش ئەوە دێت كە داواكاری گشتی ڕایگەیاند كە دەیەوێت هەر سێ كەیسەكە بەسەر ناتانیاهۆدا ساخ بكاتەوە.

گەر ئەمە ڕوو بدات دەشێت ناتانیاهۆ بۆ ماوەی سێزدە ساڵ زیندانی بكرێت بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و ساختەكاری. 

ناتانیاهۆ لای خۆیەوە هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت كە ئەمە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوە لە لایەن میدیاكانەوە و وتیشی كە لە ئەیلولی داهاتوودا هەوڵدەدات دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز