محه‌مه‌د مورسی له‌زاری هیلاری كلینتۆنه‌وه‌

ڕاپۆرت

18/06/2019‌ 1454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
* مورسی بەریەککەوتنی زۆری ھەبوو لەگەڵ دادگاکان، دەیویست نەیارە سیاسییەکانی پەراوێز بخات لەبری سازانێکی نیشتمانیی بەرفراوان، کاری پێویستی نەکرد بۆ باشکردنی باری ئابووریی وڵاتەکەی، ڕێگەیدا کەمینەکان بچەوسێنرێنەوە، لەوانە مەسیحییە قیبتییەکان. 

*ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە ھێشتنەوەی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل. ھاوکاری من بوو بۆ دانوستان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢دا. بەمەش زۆر لەوانەی تووشی شۆک کرد کە لەم ڕووەوە گومانیان لێی ھەبوو! 

* لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرۆکی نوێی میسر (محمد مورسی)م وت: چی دەکەن بۆ بەرگرتن لە شێواندنی سەقامگیریی میسرو ناوچەکە لەلایەن قاعیدەو توندڕەوەکانی دیکەوە، بەتایبەت لە (سینا)؟ 

وەڵامی دامەوە: ئەوان کاری وا چۆن دەکەن؟ ئێستا حکومەتێکی ئیسلامیمان ھەیە! 
پێشبینییەکەی وەک پشتیوانی وابوو بۆ تیرۆریستان، ھۆکارەکەشی یان گەمژەیی بوو یان خراپەیەکی ھەژێنەر. بۆیە پێم وت: ھەڵوێستتان ھەرچۆنێک بێت ئەوان پەلامارتان دەدەن، ئەرکی سەرشانتانە پارێزگاری لە حکومەت و وڵاتەکەتان بکەن. بەڵام ئەو ھیچ بایەخی بەمە نەدا! 

* مورسی سیاسییەکی جیاواز بوو کە مێژوو لە حەوشەکەی پشتەوە ھەڵیدابووە سەر کورسیی سەرۆکایەتی، ئەو لە خاڵی سفرەوە فێری شێوازی حوکمڕانی دەبوو، لەکاتێکدا دۆخەکە تەواو شڵەژابوو. بەڕواڵەتیەوە دیاربوو تەواو شەیدای دەسەڵات بوو کە پۆستەکەی بۆی فەراھەم کردبوو.
 
* خۆشحاڵ بووم کە حەزی دەکرد یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێککەوتن، زیاتر لەوەی کەسێکی دیماگۆگی بێت. لە ئۆفیسەکەی لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی کۆبوینەوە، یەک بەیەکی بەندەکانی ئەو کارنامەیەمان تاووتوێ کرد کە لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلم وەرگرتبوو.

* مورسی-م ھاندا، بیر لە ڕۆڵی ستراتیژی و مێژوویی میسر بکاتەوە لە ناوچەکەدا. ئینگلیزییەکی باشی دەزانی، ساڵی ١٩٨٢ دکتۆرای لە زانستەکان بەدەستھێناوە لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا.

تێبینی⁄ ھیلاری کلینتۆن بەو جۆرە باسی (مورسی) دەکات.

سەرچاوە⁄ بیرەوەرییەکانی ھیلاری کلینتۆن
وەرگێڕانی⁄ فاروق جەمیل کەریم