تەندروستی باش.. چۆن خاڵەكانی سەر جەستەمان بپشكنین؟

تەندروستی

19/06/2019‌ 1148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی كە لەسەر جەستەن بێ زیانن، بەڵام دەشێت بەشێكیان شێرپەنجەیی بن، بۆیە گرنگە چاودێری بكرێن، شارەزایەكی بواری شێرپەنجەی پێستیش ڕوونی دەكاتەوە كە چی بكرێت.

بەشێكی زۆری خەڵكی خاڵیان لەسەر جەستە هەیە و هەموو كەسێكیش دەشێت تووشی شێرپەنجەی پێست ببێت، كە جۆری ئەم شێرپەنجەیەش یان میلانۆمایە یان نا-میلانۆما. 

لە كاتێكدا كە جۆری یەكەمیان دەشێت كوشندە بێت، بەڵام هەر دوو شێوەكە بە تەواوی شایەنی چارەسەركردنن گەر بێت و بە زوویی بدۆزرێنەوە و ڕێگرییان لێ بكرێت.

پێویستە هەموو كەسێك هەر سێ بۆ چوار مانگێك جارێك پێستی خۆی بپشكنێت، باشترین ڕێگە ئەوەیە لە تەمەنی هەژدە ساڵیەوە هەموو ساڵێك وێنەیەكی سەرجەم جەستەت بگریت و ماوەماوە ئەوە بپشكنیت ئایا هیچ خاڵێكی نوێ لەسەر جەستەت درووست بووە یان خاڵەكانی پێشتر هیچ گۆڕاون. 

ئەم گۆڕانە دەشێت ناچوونیەكی خاڵەكان بێت یان گۆڕان بێت لە ڕەنگ و قەبارەدا بێت یان گەشەكردن بێت بە گشتی. زۆر ئاساییە كە خاڵی تازە دروست ببێت، بەڵام پیویستە خاڵەكانمان هەموویان لە یەك بچن. گەر بینیت یەك لە خاڵەكان جیاوازە لەوانی دی، ئەوا دەشێت شێرپەنجەی میلانۆما بێت – لەو دۆخەدا پیویستە بە زوویی سەردانی دكتۆر بكەیت.

بۆ ڕێگریكردن لە شێرپەنجەی پێست ئەمانە ئەنجام بدە: لەكاتی نیوەڕۆی خۆرەتاودا مەچووە دەرەوە، چاویلكەی خۆری لە چاو بكە، دژەخۆری factor-30 كە پێنج ئەستێرەی  UVA ـی هەیە بەكار بهێنە. بەڵام ناتوانین هیچ شتێك بكەین سەبارەت بەو پێستەی كە پێشتر وێران بووە، چونكە شێرپەنجەی پێست دەشێت چەندین دەیە دوای ئەوە دەربكەوێت. شێرپەنجەی پێستی جۆری نا – میلانۆما پەمەییە و لە خاڵ ناچێت. بەشێكی زۆری خەڵكی تێبینی ئەوانە ناكەن لەبەرئەوەی تەنیا لەو بەشەی پیست دەردەكەوێت كە بەر خۆر دەكەوێت. گەر دەركەوتن و لە ماوەی مانگێكدا لا نەچوون، پێویستە پشكنین بۆ ئەوانیش بكەیت.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز