بارزانی نایەوێت گفتوگۆی لەسەر بكاتەوە
هەوڵێكی تری یەكێتی بۆ رازیكردنی پارتی بەدانانی پارێزگاری كەركوك شكست دەهێنێت

کوردستان

24/06/2019‌ 3152 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵێكی تری یەكێتی نیشتمانی بۆ راویكردنی پارتی دیموكرات بەدانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك شكستیهێناوەو مەسعود بارزانیش نایەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێكی یەكێتی نیشتمانی دوو لەچاوی میدیاكان، لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكرات كۆبوونەوەیان كردووەو كۆبوونەوەكەش بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەسەر دانانی كەسێك‌و دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەو كۆبوونەوەیە كێشە هەبووەو پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە.

شارپرێس ئەوەی زانیوە، بەهۆی ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئامادەنییە، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكاتەوە، بۆیە شاندی پارتی هیچ بەڵێنێكیان نەداوە بەشاندی یەكێتی، كە هاوكارییان بكەن لەیەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەبەرانبەر ئەوەدا شاندی یەكێتی جەختیان كردووەتەوە، كە بەبێ‌ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك، ئامادەنین ناوی كاندیدەكانیان بۆ كابینەی نوێ‌ پێشكەش بكەن.

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2017وە كێشەیان لەسەر دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك هەیەو هۆكاری كێشەكەش رێكنەكەوتنیان لەسەر ناوی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە، كە ئێستا بە وەكالەت لەلایەن راكان سەعید جبوری بەرێوەدەبرێت.

هـ ـ ح

بەپەلە