ئەمریكا بەسزای نوێ‌ جوڵە دبلۆماسییەكانی فراوانتردەكات بۆ گەمارۆی زیاتری سەر ئێران

جیهان

25/06/2019‌ 1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران لە هەوڵی ئەوەدایەدا دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەوەشاندنی گورزی سەربازی لەتاران پاشەكشە پێبكات، سەرباری ئەوەی دەزانێت توانستی وڵاتەكەی لە بەرانبەر بەهێزترین وڵاتی جیهاندا لاوازە، ئەگەر هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەنێوانیاندا ڕووبدات.

هاوكات جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، تارانی لەوە هۆشیاركردەوە، بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی وەشاندنی گورجێكی سەربازی لە ئێران لە دوا ساتدا بە لاوازی تێنەگەن. 

پێش چاوپێكەوتنی بۆڵتۆن بە بنیامین نەتەنیاهۆ لە قودس وتی: نابێت ئێرانییەكان یان هەر لایەنێكی دیكە ئاقڵمەندی و خۆگری ئەمریكا بە لاوازی لێكبدەنەوە، سوپاكەشمان ساز و ئامادەیە بۆ جەنگ.

لای خۆیشییەوە ترامپ ڕایگەیاند، سزای تازە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، بەڵام پێی باشە ڕێككەوتنێك هەبێت و ئابووری ئێران هەرەس نەهێنێت، ئەمەش وەك نیازپاكییەك بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان.

پێش چوونی بۆ كامپ دیڤید، لە لێدوانێكیدا ترامپ وتیشی: حكومەتەكەی میتۆدێكی دبلۆماسییانەی گرتۆتەبەر بە سەپاندنی سزای تازە وەك فشارخستنەسەر ئێران، هەروەها وتی: بژاردەی كردەیی سەربازی هەمیشە لەگۆڕێیە ، بەڵام پێی باشە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا هەبێت.

ترامپ ئەوەشی وت: ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا لەژێر دروشمی "با دووبارە ئێران بكەینەوە دەوڵەتێكی مەزن"  دا دەبیێت.

دواتر لەسەر تویتەرەكەی نووسی: سزای دیكە گەورە بەسەر ئێراندا دەسەپێنین، چاوەڕێی ئەو ڕۆژەشم سزاكانی سەر ئێران هەڵگرین و ئێران ببێتە نەتەوەیەكی گەسەندوو و پێشكەوتوو.

ئاژانسی هەواڵی فارسیش لەسەر زاری جەنەڕاڵ غولام عەلی ڕەشیدی گەورە بەرسی سەربازی ئێرانەوە ڕایگەیاند ، ئەگەر جەنگ لە ناوچەكە بەرپا بێت، جڵەوگیریەكەی لە دەست هەمووان دەردەچێت‌و وتیشی پێویستە حكومەتی ئەمریكا بەرپرسانە ڕەفتار بكات و گیانی هێزە سەربازییەكانی لە ناوچەكە بپارێزێت.

لەلایەكی ترەوە پێگەی "یاهو نیوز" لەسەر زاری بەرپرسە هەواڵگریەكانی پێشوو ڕایگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە هێرشێكی ئەلەكترۆنی كردووەتەسەر  ئێران، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش ئاشكرایكرد، هێرشە ئەلەكترۆنییەكە سیستەمەكانی تەقاندنی موشەكە ئێرانییەكانی پەكخستووە.

ئەمریكا ئێرانیشی بەوە تۆمەتبار كرد، كە هێرشە ئەلەكترۆنییەكانی زیاد كردووە، كرس كریبسی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەلەكترۆنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ووتی "چالاكییە پۆخەڵە ئەلەكترۆنییەكانی"  ئێرانی دژ بە ئەمریكا لە لایەن چەند كەسێكی سەر بە ئێرانەوە كراونە سەر ئەمریكا".

هێزە جیهانییەكانیش داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن لە ڕێگەی دانوستانی نێوان هەردوولاوە كە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر