ناودارانی هۆڵیود دەچنە ریزی ئەوانەی داوا دەكەن ترامپ دادگایی بكرێت

جیهان

26/06/2019‌ 716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆبەرت دی نیرۆ ئەكتەری ناسراوی هۆڵیود و ستیڤن كینگ نووسەر و سیناریستی ناسراو چوونە ڕیزی ئەو ئەكتەرانەی جیهانی سینەما و میدیاكاران لە تۆمەتباركردنی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی ژێربەژێر دەستی لەگەڵ رووسەكان تێكەڵ كردووە.

لە ڤیدیۆیەكدا ، كە پۆرتاڵی هەواڵی  NowThis بڵاوی كردۆتەوە كۆمەڵێك ناوداری سینەما بەهەموو پسپۆڕییە جیاوازەكانیانەوە دەردەكەون و  دۆناڵد ترامپ تۆمەتبار دەكەن بەوەی بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی ٢٠١٦ ژێربەژێر لەگەڵ رووسەكان پەیوەندی هەبووە .

كەناڵی Fox Newsی ئەمەریكیش باسی لەوە كردووە كە كۆمەڵێك ناوداری سینەما هێشتا پێیان وایە كە ئەو بەڵگە و راستیانەی لەناو راپۆرتەكەی لێكۆڵەر رۆبەرت مۆلەردا هاتووە و  ئەستۆپاكی ترامپی سەلماندووە ، بەڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ترامپ لەگەڵ رووسەكان دەستی تێكەڵاوكردووە.

ئەو ناودارانە ، لەوانەش مارتن شین و رۆزی بیریز و لۆرەنس فیشبۆرن داوا دەكەن كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بدرێتە دادگا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی