فازڵ میرانى: چۆن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێممان بێ یه‌كێتی هه‌ڵبژارد ده‌توانین حكومه‌تیش پێكبهێنین

کوردستان

26/06/2019‌ 2272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند،هه‌ندێك له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ ئیشیان ده‌كه‌وێته‌ لای كاك مه‌سعود ده‌ڵێن، باببێته‌ مه‌رجه‌عی كوردستان و هه‌مومان، به‌به‌ڵگه‌وه‌ ئه‌مەم له‌لایه‌.

 

فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەشى کوردى دەنگى ئەمریکا رایگەیاندوە"من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە پارتی و یەکێتی ناتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، مەگەر تەنها ئەوەی پێداگریه‌ك لەلایەن برادەرانی یەکێتیەوە هەبێت کەنایانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنەکان پێکبهێنرێت، جا بڕیاری خۆیانە یا بڕیاری خەڵکی ترە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە،ئنجا لە 1992ەوە تا ئێستا به‌شه‌ڕی ناوخۆ-شه‌وه‌، پارتی و یەکێتی پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن خێرە ئێستا ناتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە،من لەقسەکانی"کاک سەعدی پیرە" تێگەیشتم، خوێندمەوە لەدەنگی ئەمریکا کە دەڵێ پارتی دەیەوێت"کاک مەسعود" مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، هەر خۆیان بە خۆ-شیەوە (کاک سەعدی پیرە) کە ئیشێکیان کەوتۆتە لای "کاک مەسعود" و بۆیان جێ بەجێ کراوە دواتر خۆیان وتویانە "کاکە ئەم پیاوە نەک تەنها سەرۆکی پارتیە، ئەمە بکەنە "مەرجەعێک" بۆ هەموومان، بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییه‌كان (مەبادیئی) داپۆشیوە."

 

میرانى دەشڵێت،لەلای ئێمە ئاسایشی کۆمەڵگا و "ئیستقرار"ی دۆخی کوردستان گرنگە، ئەوە پۆستی وەزارەتی داد چارەسەرکرا کە من خۆم نایناسم بەڵام کاندیدێکی سەربەخۆیە، وە سەبارەت بە کەرکوکیش ئێمە و یەکێتی ڕێککەوتنێکمان هەیە کە هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت لەسەر کاندیدێکی پارێزگار ڕێکبکەوین، ئەوان کاتی خۆی "کاک فەرەیدوون عەبدولقادر-ییان" کاندید کرد ئێمە ڕازی بوین، ئێستاش بە بۆچونی من باشترە خۆمان ڕێك بكه‌وین وه‌ك لەوەی خەڵکێک بێت بە "خورتی" ڕێکەوتن لەنێوانماندا بکات هەروەک چۆن خەڵکێک برادەرانی یەکێتیان نارد بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان"کاک نێچیرڤان" ئەمە نەکرێت لەگەڵ یەکتر باشترە، با خۆمان یەکتر قبوڵ بکەین."

 

لەبەشێکى ترى دیمانەکەدا میرانى باسى لەوە کردوە، حزبەکەى لەگەڵ یەکێتى شانزە ڕێککەوتنیش بکەن لەسەر باس نەکردنی 16 ی ئۆکتۆبەر، بەدڵی ئەو یا یەکێتی یا بەڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی نابێت کەباس نەکرێت، چونکە بە وتەى خۆى ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی کوردستاندا.

 

هەروەها ناوبراو دەشڵێت"میرانی لەدرێژەی وتووێژەکەدا وتی" من حەزدەکەم ئەوە بزانم ئەگەر پارێزگاری کەرکوک دابنرێت جا یەکێتی بێت یا پارتی یا دوو پارێزگاریش بێت ئەم سیاسەتی تەعریبە کە ئەوان دەڵێن "دەهەزارییەکانی -حی التنك" له‌ هەڵبژاردنی داهاتوو کورد لەکەرکوک دەبێتە کەمینە ئەمەیان پێ چارەسەر ناکرێت، مه‌گه‌ر ئێمە و یەکێتی بە سەرۆکی هەرێمی تازە، وه‌ حكومه‌تی تازه‌ فشار لەبەغداد بکەین بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک وە دەبێت دژی هەڵبژاردن بین ئێمـە و یەکێتی و هەموو حیزبەکان تا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە هەڵبژاردن نەکرێت له‌و شاره‌."

 

  سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى رونیدەکاتەوە،  ئەوان لەگەڵ یەکێتی لە پەیوەندیدان ئەگەر سبەینێ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ناوی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئەوا ڕێککەوتن لەسەر ناوەکە دەکەن، بەڵام جەختیکردەوە ئەوان حکومەتەکە پێکدەهێنن، چونکە بەوتەى خۆى پڕۆسەی دانانی پارێزگاری کەرکوک تەنها بەڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی نیە، به‌ڵكو دەبێت بچێتە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەویش بینێرێت بۆ بەغداد بۆ سەرۆک وەزیران ئەویش بە نوسراو بەرزی بکاتەوە بۆ سەرۆک کۆمار سەرۆک کۆماریش بە مەرسومی فەرمی بڕیاری بوون بە پارێزگار دەربکات.

 

لەبارەى ئۆپۆزسیۆن بوونى یەکێتیشەوە، فازڵ میرانى دەلێت"ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی دا چی؟ فازڵ میرانی ده‌ڵێت" ئۆپۆزسیۆن بونی پارتی و یه‌كێتی به‌و ڕاده‌ و قه‌باره‌یه‌ی هه‌یانه‌ ناتوانن ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رپرسی ئه‌م ئه‌زمونه‌ین كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ ناچارین ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ین ببینه‌ ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت پارتی و یه‌كێتی ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن."

هاوکات سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى جەختیکردەوە، به‌ڕاشكاوی به‌ یه‌كێتیمان وتووه‌ ئێمە قارەمانەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک قبوڵ ناکەین"

س.هـ