عێراق ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم و فەرمانبەرانی بندیوار ئاشکرادەکات

عیراق

26/06/2019‌ 10520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و باس لەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو ناوانەی هەرێم بۆ بەغدای ناردوون ناوی ناراستن یان دووبارەن .

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکیدا دەڵێت "حکوومەتی هەرێم لیستێکی بۆ بەغدا ناردووە کە ملیۆنێک و دووسەد هەزار فەرمانبەری لەخۆگرتووە کە هی سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانن بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە" ،باس لەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو ناوانە بوونیان نییە و ناراستن ، ئەوە جگە لەوەی بەشێکی زۆر لە ناوەکان دووبارەن .

لەبەشێکی تری قسەکانیدا قەدۆ دەڵێت " ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر لەو لیستە کەمترە کە هەرێم رەوانەی بەغدای کردووە ، کەلەڕێیەوە هەولێر دەیەوێت دزی لە ماڵی گشتی بکات و پارەی تەرخانکراوی بۆ هەرێم  زیاتر بکەن " ،روونیشی کردۆتەوە کە لیژنەی دارایی هەوڵ دەدات لەڕێگای پەنجەمۆری بایۆمەترییەوە فەرمانبەرانی راستەقینە لەوانە جیابکاتەوە کە وەهمین و بوونیان نییە یان دووبارەن .

پێشتر عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیری عێراق جەختی کردبۆوە کە حکوومەتی بەغدا هێشتا هیچ بڕە نەوتێکیان لە حکوومەتی هەرێمەوە بەدەست نەگەیشتووە ، لەهەمان کاتیشدا دڵنیایی ئەوەیدابوو کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت .

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی