گەر كێشەی سستبوونی دڵت هەیە خۆت لەو پێنج خۆراكە لابدە

تەندروستی

29/06/2019‌ 2347 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەر كێشەی سستبوونی دڵت هەیە دەتوانی بە كەمكردنەوە یان خۆلادان لەهەندێك خۆراك لەبەرنامەی خواردنەكانت، تەندروستیت باشتر بكەی. 

ئەو خۆراكانە ئەوانەن، كە دەبنە هۆی زیادبوونی خەستبوونی شلە لە جەستەدا، كێشەكانی شەكری خوێن و قەڵەوی. بە دوورخستنەوەی ئەم خواردن و خواردنەوانە لە سیستەمە خۆراكییەكەت، تەندروستیت باشتر دەبێت‌و كاری دڵ ئاسانتر دەكەی.

 خوێ:
گەر كیشەی سستی دڵت هەیە، بە دڵنیاییەوە پێویستە خۆ لە خوێ بە دوور بگری. ئێستا خوێ لە بەشێكی زۆری خواردنەكاندا هەیە. بۆ كەمكردنەوەی، سەرەتا چیتر خوێ بە خواردنە نەكوڵاوەكان مەكە – وەك زەلاتە. دواتر بەر لە خواردنی خۆراكە لە قوتونراوەكان، زانیارییەكانی بخوێنەوە، گەر خوێی هەبوو مەیخۆ. لە كۆتاییشدا گەر لە خواردنگەیەك نانت خوارد، هەمیشە داوا بكە با خواردنەكەت خوێی پێوە نەبێت یان هەر شتێكی دی كە ''سۆدیۆم''ـی تێدا بێت.

 

جبسی پەتاتە
ئەم خۆراكە زۆر خراپە بۆ ئەوانەی كە سستبوونی دڵیان هەیە، لەبەرئەوەی خوێ و چەوری زۆر تێدایە. كە سستی دڵت هەبوو، پێویستە كێشێكی تەندروستت هەبێت، ئەو خۆراكانەی كە چەوریان زۆرە یارمەتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەت نادەن. بۆ خۆلادان لە زیادبوونی كێش هیچ كام لەو خۆراكانە مەخۆ كە دەبنە هۆی قەڵەوی وەك جبسی تۆرتێلا، نوقڵ و شیرینی، شەكلەمە و تەنانەت هەندێ جۆری پسكیتیش. لە جێی ئەمە سەوزە و میوەی زۆر بخۆ، كە چەوریان كەمە و ڕیشاڵیان زۆرە.


 ئارەق
ڕەنگە گوێبیستی سودەكانی ئارەقی سوور بوبیت بۆ تەندروستی دڵ. ئەمە ڕەنگە ڕاست بێت گەر دڵت تەندروست بێت. بەڵام كێشەی سەرەكی سستی دڵ ئەوەیە كە دڵ چیتر ناتوانێ بە باشی خوێن هەڵبدا. خواردنەوە كحولییەكان بە خاوكردنەوەی لێدانی دڵ ئەم كێشەیە خراپتر دەكەن. بۆیە دكتۆرەكان هەمیشە ڕێنماییت دەكەن كە دوور بكەویتەوە لە هەموو جۆرەكانی خواردنەوەكان ( بە بیرەشەوە) كاتێك كێشەی سستی دڵت هەیە.


 نانی سپی
زۆرجار سستبوونی دڵ هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێ حاڵەتی تر، وەك چەوری زۆر و شەكرەی جۆری دوو. ئەو دانەوێڵانەی كە گوڕانكاری زۆریان بەسەردا هێنراوە، وەك نانی سپی، هیچ سودێكیان بۆ جەستەت نییە لەبەرئەوەی ڕیشاڵی تەندروستیان تێدا نییە. ڕیشاڵی خۆراكی یارمەتی جەستەت دەدات لە رێكخستنی ئاستی شەكرەی خوێن و چەوری لە ڕیخۆڵەكان دەكاتەوە. گەر كێشەی سستبوونی دڵت هەیە، پێویستە دوور كەویتەوە لە خواردنی نانی سپی، برنجی سپی، مەعكەڕۆنی، دانەوێڵەی لە قووتوونراو و دانەوێڵە دەستكاریكراوەكانی تریش.


ئاو
''ئاوی زۆر بخۆوە'' بووەتە دروشمی ژیانێكی تەندروست، بەڵام بۆ هەر كەسێك كە كێشەی سستبوونی دڵی هەیە ئەمە ئامۆژگارییەكی خراپە. خواردنەوەی زۆری ئاو (یان هەر خواردنەوەیەكی دی) دەبێتە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شلە لە جەستەتدا و ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر بوونی فشار لەسەر دڵە لاواز بووەكەت. گەر كێشەی سستی دڵت هەیە، پێویستە بە وریایی خواردنەوەكان بخۆیتەوە، بە گوێرەی هەندێ لێكۆڵینەوە، وا باشە كەمتر لە دوو لیتر شلە بخۆیتەوە لە ڕۆژێكدا. هەرچەندە بۆ ڕێنمایی تایبەت پێویستە ڕاوێژ بە دكتۆرەكەت بكەیت.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز