زانیاری لەبارەی دراوە ژمارەیییە نوێیەكەی فەیسبووك

جیهان

29/06/2019‌ 407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەیسبووك بەفەرمی دراوی ژمارەیی تایبەت بەخۆی راگەیاند، كە خەڵك دەتوانن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە رۆژانەییەكانیان بەكاریبهێنن .

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی پێشتر باسی لەوە كردبوو، كە دوای ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەییەی لەناو كۆمپانیاكەدا روویدا ، ئیدارەی فەیسبووك لەساڵی رابردووەوە بەنهێنی كاری لەسەر درووستكردنی تیمێكی ٥٠ كەس كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر پلانێكی كۆمپانیاكە. 

فەیسبووك رایگەیاندووە، خواستی ئەوەی هەیە بێتە ناو جیهانی دراوە بەكۆدەكانەوەو لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵیش دراوی تایبەتی خۆی ئاشكراكرد، كە بەكارهێنەرانی فەیسبووك بەشێوەیەكی گشتی لە مامەڵە دراوییەكانیاندا لەگەڵ پێگەكە بەكاری دەهێنن و بەرانبەری دۆلارە .

دراوەكەش لەساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەیەكی فەرمی دەكەوێتەكار و بەگەلێك خزمەتگوزاری دارایی بەناوبانگەوە دەبەسترێتەوە ، بەجۆریك مارك زوكەربێرگ رایگەیاندووە، دەبێت گواستنەوەی پارە لەنێوان بەكارهێنەران ئەوەندە ئاسان بكرێت وەك ئاسانی ناردنی وێنەیەك.

هەروەك فەیسبووك خواستی ئەوەی هەیە دراوە نوێكەی هاوشێوەی دۆلاری ئەمەریكی دراوێكی جێگیر بێت ، بەجۆرێك ئامادەبوونێكی جێگیری جیهانی هەبێت ، نەوەك وەكو دراوی بتكۆین، كە بەهاكەی هەڵبەز و دابەز دەكات .

لەپێناو ئەوەشدا، كە دراوەكە تووشی هەڵبەز و دابەز نەبێت و نرخەكەی خۆی بپاریزێت ، كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، دراوەكە بە بەناوبانگترین خزمەتگوزارییە داراییە جیهانییەكانەوە پەیوەست دەكرێت ، وەك ڤیزا ، ماستەر كارد و خزمەتگوزاری ناردنی پارە (بای بال) ، بەوەش فەیسبووك بەشێوەیەكی كردارەكی دەبێت بە قەوارەیەكی ئاڵوگۆركردنی جیهانیی دراو .

بەپێچەوانەی بتكۆین ، دراوە ژمارەییەكەی فەیسبووك "لیبرا" بۆ ئەوە دیزاین نەكراوە جامبازی پێوەبكرێت ، بەڵكو شێوەیەكە لە شێوەكانی پارەی ژمارەیی كە بە دراوی نەختینەیی وەك یەدەگ پاڵپشتی دەكرێت .

بەرێوەبەرانی فەیسبووك دەڵێن: "لیبرا" بۆ ئەوە درووستكراوە تاوەكو  دراوێكی ژمارەیی یەكگرتوو بۆ ئینتەرنێت درووست بكرێت ، كە هاوشێوەی دۆلار بەهایەكی جێگیری هەیە و دەتوانرێت بۆ كڕینی هەموو شتێك بەكارنهێنرێت ، جگە لەوەی دەكرێت بۆ پاڵپشتیكردنی خزمەتگوزارییە داراییەكانی جۆراوجۆرەكانی وەكو قەرزیش بەكاربهێنریت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی