خوێ سەرچاوەى نەخۆشییەکانى دڵ و خوێنە

تەندروستی

29/06/2019‌ 370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژینەوەیەكی تازە دەریخستووە كە، “خوێ ساڵانە ١.٦ ملیۆن كەس لەناو دەبات لە ھەموو جیھاندا، ئەمەش تەنھا بەھۆی نەخشییەكانی دڵ و خوێن، كە لە زۆر بەكارھێنانی خوێوە سەرھەڵدەدات”. 

ئاماژە بۆ ئەوەش دراوە كە، “مرۆڤ دوو ھێندە خوێ لە ژەمەكانی خواردندا بەكاردەھێنێت لەوەی كە پزیشكان رێنمایی دەكەن، ئەمەش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت”.

رێكخراوی تەندروستی جیھانی رێنمایی ئەوە دەكات كە، پێویستە رۆژانە ھەر مرۆڤێك لە نیو كەوچك چا یان ٢.٣ گرام زیاتر خوێ نەخوات، بەڵام لە راستیدا رێژەكە دوو ئەوەندەیە كە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاردەھێنرێت، ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە، مرۆڤ ٧٥%ی خوێی پێویست لەو خواردنەوە وەردەگرێت كە رۆژانە دەیخوات، بەڵام كاتێك كەمێك خوێی تر لەگەڵ خواردنەكەدا بەكاردەھێنیت، ئەوا لەو رێژەیە زیاتر دەبێت كە پزیشكەكان رێنمایی دەكەن.

ئەو توێژینەوەیە ئاشكرایكردووە كە، ١٠%ی ئەوانەی بەنەخۆشییەكانی دڵ دەمرن ھۆكارەكەی زیاد بەكارھێنانی خوێیە، واتە ساڵانە ١.٦ ملیۆن كەس بەھۆی زیاد بەكارھێنانی خوێ گیانلەدەستدەدەن، كە تەنھا لە ئەمریكا ساڵانە ٥٧ ھەزار كەس بەو ھۆكارە دەمرن.

ھەر لەوبارەیەوە توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەدا كە، كەمكردنەوەی بەكارھێنانی خوێ ھۆكارێكی گرنگە بۆ كەمكردنەوەی پەستانی خوێن، بەتایبەت لای بەساڵاچوان و پێست رەشەكان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی پەستانی خوێنیان ھەیە.
س.هـ

بەپەلە