سەیركردنی تەلەڤیزیۆن خراپترە لەدانیشتن لەكاتی كاردا بەدرێژایی ڕۆژ

جیهان

30/06/2019‌ 440 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەرانی زانكۆی كۆڵۆمبیا ئەوەیان ئاشكراكرد، كە سەیركردنی تەلەڤیزیۆن پەیوەندی زۆرتری هەیە بە نەخۆشییەكانی دڵ  و بۆڕییەكانی خوێن لە دانیشتن لە كاتی كاردا.

بە گوێرەی توێژینەوەكەی زانكۆی كۆڵۆمبیا دانیشتن لە كاتی كاردا دەرئەنجامی زۆر خراپی نییە. بەڵام سەیركردن و پاڵدانەوە لە بەردەم تەلەفیزیۆندا، زیانی تەندروستی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.

نووسەری لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: تەنانەت گەر كارەكەت وا دەخوازێت كاتێكی زۆر دابنیشیت، بەڵام ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی لە ماڵەوە لە جێگەی دانیشتن مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ و مردنت زۆر كەمدەكاتەوە.

لێكۆڵینەوەكە لە سەر ٣٥٠٠ كەس كراوە و لە ماوەی هەشت ساڵدا چاودێری ڕەفتار و تەندروستییان كراوە. ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشتر دانیشتنیان بە خراپ دانا بوو زۆر گشتگیر نەبوون سەبارەت بە درێژی ماوەكەیان و جیاكردنەوەی شێوازە جیاوازەكانی دانیشتن و دەرئەنجامە جیاوازەكانیان.

توێژەران بەو ئەنجامە گەیشتن كە ئەوانەی ٤ كاژێر یان زیاتر بە سەیركردنی تەلەفیزیۆن بەسەر دەبن ڕۆژانە مەترسی ٥٠٪ زیاتریان هەیە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و مردن لە وانەی كە كەمتر لە ٢ كاژێر سەیری تەلەڤیزیۆن دەكەن.

بەڵام ئەوانەی كە چەند كاژێرێك لەسەر كار ئەو مەترسییە زۆرەیان نییە. ئەمە مانای ئەوە نییە كە دانیشتن لە كاتی كاركردندا  زیانی تەندروستی نییە. توێژەران دەڵێن كە دانیشتنی زۆر دەبێت هۆی كێشەكانی سمت، فەقەرات، لاوازی ماسولكەكان و چەندان كێشەی تریش. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كێشانە دەكرێت بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی بەردەوام چارەسەر بكرێن.

توێژەران دەڵێن ئەو جیاوزییەی لە نیوان دانیشتنی كاتی كار و دانیشتنی بەردەم تەلەڤیزیۆن ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە لە كاتی كاردا چەند جارێك پشوو دەدەین، بەڵام لە كاتی سەیركردنی تەلەڤیزیۆندا چەند كاژێرێك ناجوڵێین. هەروەها خواردنی نانی ئێوارە و بە دوای ئەویشدا سەیركردنی تەلەڤیزیۆن دەرئەنجامێكی تەندروستی زۆر زیانبەخشی هەیە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز

بەپەلە