گالیسكە ژاپۆنییەكە بۆ دووەم جار لەسەر رووی هەسارۆكەی ریۆگۆ دەنیشێتەوە

هەمەڕەنگ

02/07/2019‌ 513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی ژاپۆنی بۆ لێكۆڵینەوەكانی بۆشایی ئاسمان باسی لەوە كردووە، كە گالیسكەی "هایابوسا-٢"ی ژاپۆنی لە مانگی تەمموز دا دووەم پرۆسەی نیشتنەوە لەسەر ڕووی هەسارۆكەی ڕیگۆ جێبەجێ دەكات.

بەپێی ئاژانسەكە ئامانج لەو نیشتنەوەیە هێنانەوەی نموونەی خاكی سەر هەسارۆكەكەیە.

گریمانەی ئەوە دەكرێت گالیسكەكە لەناو چاڵێكی دەستكرد سەر رووی هەسارۆكەكە بنیشێتەوە، كە پێشتر لەڕێگای بۆردومانكردنی بە بۆمبێكی تایبەتی مسینەوە چاڵ دەكرێت.

ژاپۆنییەكان پێیان وایە گالیسكەكە تووشی هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆ نابێتەوە لەهێنانەوەی نموونەی خاكی سەر هەسارۆكەكە.

تیرەی هەسارۆكەی "ریۆگۆ"، كە دەكەوێتە نێوان زەوی و مەریخ نزیكەی ٩٠٠ مەتر دەبێت ، لە ساڵی ٢٠١٤ گالیسكەی هایابوسا-٢ بەرەو ئەو هەسارۆكەیە بەرێكرا .

كێشی گالیسكەكە خۆی ٦٠٠ كیلۆگرامە ، كە نوسخەی پێشكەوتووی " هایابوسا-١" ە و لەساڵی ٢٠١٠ نموونەی خاكی هەسارۆكەی "ئیتۆكۆڤا"ی بۆسەر زەوی هێنایەوە ، ئەویش دوای ئەوەی دووری ٦ ملیار كیلۆمەتری لە بۆشایی ئاسماندا بڕی.

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی