وێنە.. پێنج ئاژەڵی زەبەلاح كە ئێستا لەناوچوون‌و نەماون

جیهان

03/07/2019‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەفتەی رابردوو پاشماوەكانی باڵندەیەكی زەبەلاح دۆزرایەوە، لەم وێنانەدا هەندێك لە بەهێزترین ئاژەڵە لەناوچووەكان بە درێژایی مێژوو دەخەینە ڕوو.

Pachystruthio dmanisensis
 هەفتەی ڕابردوو توێژەران پاشماوەی باڵندەیەكی زەبەلاحیان بڵاو كردەوە كە توانای فڕینی نەبووە و لە ئەشكەوتێكی دوورگەی قرمی ئۆكرانیا دۆزراوەتەوە. باوەڕ وایە كە ئەم باڵندەیە لە خێزانی ئەو باڵندانەی پێش مێژووە كە قاچی بەهێز و دەنوكی گەورەیان هەبووە و لە ناوچەكانی باكووری ئەمریكا، ئاسیا و ئەفریقا ژیاون. ئەم بوونەوەرە زەبەلاحە بەرزییەكی ٣،٥ مەتر بووە و كێشی ٤٥٠ كیلۆ بووە. لە ئێستادا وشترمرخ كە گەورەترین باڵندەیە، بەرزییەكەی ٢،٧ مەترە و كێشی ١٥٠ كیلۆیە. نازانرێت كە هۆی لەناوچوونی ئەم ئاژەڵە چییە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی هەندێ لە كوشندەترین ئاژەڵە دڕندەكانی كۆتا چاخی سەهۆڵینەوە بوو بێت. 

 

Glyptodon
ئاژەڵێكی زەبەلاح بووە و خزمێكی دووری ئاژەڵی armadillosـی ئێستایە. لە ماوەی نێوان ٥.٢ ملیۆن بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەمریكای باكوور و باشوور ژیاون و لە سەریانەوە بۆ كلكیان بە قەپاغێكی پارێزەر داپۆشراون. بە پێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستن بەهۆكاری گۆرانكاری كەشوهەوا و ڕاوكردنەوە لەناوچوون.

 

ورچی ڕووخسار بچووك
ئەم ورچە گەورەیە لە ماوەی نێوان ٢ ملیۆن بۆ ١١ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە باكووری ئەمریكا ژیاوە. سەرەڕای ناوەكەی، بەڵام ڕووخسارێكی بچووكی نەبووە. تەنیا بە بەراورد بە بەشەكانی دیكەی جەستەی بچووك دەردەكەوێت. قاچە درێژەكانی توانایان داوەتێ كە بە خێرایی ٤٠ میل لە كاژێرێكدا ڕابكات و ئاژەڵی كێوی لە نموونەی ئەسپ راوكردووە. ئەم ورچە بەرزی ٣،٣ مەتر بووە و كێشی لە نێوان ٧٠٠-٨٠٠ كیلۆ بووە. كێبڕكێ لەگەڵ بوونەوەرەكانی دی، بەتایبەت مرۆڤ، ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی لەناوچوونی بوو بێت.

 

مامۆپ
پاشماوەكانی مامۆپ لە هەموو كیشوەرەكان دۆزرانەتەوە جگە لە ئوستورالیاو و ئەمریكای باشوور. لەو جۆرە ئاژەڵەدا مامۆپی خوریدار بەناوبانگترینە و هەندێ بەڵگە دەری دەخەن كە ئەم ئاژەڵە تا ماوەی نیوان ساڵانی ١٠٥٠٠-٧٦٠٠ پێش زاین لە ئەمریكا ژیاوە. تا ٤ مەتر بەرز بووە و كێشی تا ٦٠٠٠ كیلۆ ڕۆیشتووە. ڕاوكردنی زۆری لە لایەن مرۆڤەوە و كەمی جۆراوجۆری بۆماوەیی ئەم خزمە نزیكەی فیلیان بەرەو لەناوبردن بردووە.

 

Megalodon
باوەڕ وایە كە گەورەترین قرشە كە تا ئێستا ژیابێت. پاشماوەكانی لە هەموو كیشوەرەكان دۆزراوەتەوە جگە لە جەمسەری باشوور. ئەم ئاژەڵە لە ماوەی نێوان ٢٣-٢،٦ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ژیاوە. تا ١٨ مەتر درێژ بووە (تا ئێستا گەورەترین قرشی تۆماركراو ٦،١ مەتر بووە).

پێشتر باوەڕ وابوو كە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاكانەوە لەناو چووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ زانایان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی كە هۆكاری ڕاستەقینەی لەناوچوونی، گەشەسەندنی زنجیرەی خۆراك و پێشبڕكێ بووە لە نێوان بوونەوەرە جیاوازەكاندا.


وەرگێڕان: هێمن عەزیز