عێراق 200 ملیۆن دۆلار قەرز بۆ چاککردنی کارەبا وەردەگرێت

عیراق

07/07/2019‌ 476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ باشترکردنی کارەبا لە ناوچەکانی باشووری عێراق، وەزارەتی دارایی رێککەوتنێکی بۆ وەرگرتنی 200 ملیۆن دۆلار بە قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی واژۆکرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی وه‌زیری دارایی و ئابوری، فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ باشترکردنی کارەبا لە ناوچەکانی باشووری عێراق، وەزارەتی دارایی رێککەوتنێکی بۆ وەرگرتنی 200 ملیۆن دۆلار بە قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی واژۆکرد، رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی کاری هاوبەشدایە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی پڕۆژەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان، بەتایبەت پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق.

راشیگه‌یاند، "لە عێراق کێشەی لە بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەڵکو کێشەی لە گواستنەوە و دابەشکردنی هەیە، ئەم رێککەوتنەش لە بواری چارەسەرکردنی بەشێکی کێشەکانە لە پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانی هاوسێی".

هاوكات یارا سالم، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاندووه‌، پڕۆژەکە خزمەتی پارێزگاکانی باشوور دەکات کە بەدەستی کێشەی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەباوە دەناڵێنن، بەتایبەت پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، موسەننا و میسان .

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێنج ساڵە و بڕی قەرزەکەش کە 200 ملیۆن دۆلارە، دەبێت لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵدا بدرێتەوە.
ه.م