بروسكە دبلۆماسییە نهێنییەكانی بەریتانیا ڕاشكاوانە وەسفی تڕەمپ‌و ئیدارەكەی دەكەن

جیهان

08/07/2019‌ 1166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی عەرەب بڵاویكردەوە، بروسكە دبلۆماسییە نهێنییەكانی بەریتانیا ڕاشكاوانە و بێ‌ پێچ و پەنا وێنایەكی تاریكی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەكەن و ڕەخنەی لێدەگرن.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، ئەو بروسكە دبلۆماسییانەش دزەیانپێكراوەتە ناو ڕۆژنامەكانەوە و ئەوەی ئاشكراكردووە، كە ڕێزداری و وشە نەرمەكانی دبلۆماتكارە بەریتانییەكان، كە پێی ناسراون، لە ژێر پەردەوە و لەو بروسكانەی بۆ وەزارەتی دەرەوە دەینێرن، بەزمانێكی شڕ و ڕەخنەی توند و قسەی زبر نووسراون.

"كیم داروش" ی باڵوێزی بەریتانیا لە ئەمریكا وا وەسفی ترامپ و ئیدارەكەی دەكات، كە لێوشاوەنین و ئاستی كاریان ئیشوكار پەكدەخات، ئەمەش بە گوێرەی رۆژنامەی "زە مەیل ئۆن سەندەی". 

ناوبراو لەچەند نووسراوێكی نهێنیدا كە بۆ بەریتانیا ناردوونی و دەست ڕۆژنامەكان كەوتوون نووسیویەتی: لەوانەیە سەركردایەتییەكەی ترامپ تێكوپێك بشكێت و بە ئابڕووچون و لەكەیەك كۆتایی بێت. 

هەروەها دەڵێت: پێی وا نییە ئەو ئیدارەیە باشتر دەبێت، كەمتر هەواو ئارەزووی كەسی بەسەریدا زاڵبێت، كەمتر پەرتەوازە بێت، كەمتر بێسەرەوبەرەی دبلۆماسی پێوە دیار بێت.

جۆری ئەو یاداشتە نهێنییانە زبر و ڕاشكاون و گوزارە لەو شێوازە و زمانە دەكەن، كە دبلۆماتكارە بەریتانییەكان دوور لە ئەتەكیتی دبلۆماسی ڕواڵەتی لە پشت پەردەوە پێی دەدوێن و دەنووسن. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاستی بوونی ئەو نووسراوانەی ڕەتنەكردوونەوە و پێشی ئاسایی بووە دبلۆماتكارەكانیان ئازادانە گوزارە لە بۆچوونی خۆیان بكەن و قسەكانیشیان گوزارە لە دیدی فەرمی حكومەت و وەزیرەكانیان ناكەن. ووتیشی بۆیە پارە دەدەینە دبلۆماتكارەكانمان تاوەكو لەگەڵمان ڕاستگۆبن.

زبرترین قسەكانی داروش سەبارت بە دوناڵد تڕەمپ بووە، بەوە وەسفی كردووە كە ناجێگیر و نالێوەشاوەیە. باڵوێزەكە كە لە ساڵی 2016 وە لە واشنتۆن دەستبەكار بووە، ئەوەشی گووت كە پشیوێی و بێسەرەوبەرەیی و كێبڕكێكارییەكی سەخت و دژوار لە كۆشكی سپیدا لە ئارادایە، ووتیشی ئەو هەواڵانەی تڕەمپ بە درۆیینە وەسفیان دەكات زۆرینەیان ڕاستن. ڕۆژنامەكە ئەوەشی گووت كە ئەو یاداشتانەی دزەیان پێكراوە باس لە ماوەی ساڵی 2017 و دواتر دەكەن.

داروش لە دوا یاداشتیدا لە 22 ی یۆنیۆ وا وەسفی سیاسەتی تڕەمپ بەرامبەر تاران دەكات كە بێسەرەوبەرە و پاشاگەردانییە. ووتیشی پاشگەزبوونەوەی تڕەمپ لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە بە پاساوی ئەوەی كوژرانی 150 كەسی لێدەكەوێتەوە باوەڕپێكراو نییە. پیشی وایە هۆكاری ڕاستەقینەكە ئەوەیە تڕەمپ تەواو باوەڕی بەو هەنگاوە نەبووە، چونكە ئەو دڵەڕاوكیی هەیە سەبارەت بەوەی پاشەكشەكردنی لە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی  ساڵی 2016 كاریگرەی نەرێنی بكاتەسەر هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020.

سەرچاوە: عەرەب  
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە