لەمیدیاكانەوە.. لەدادگای فیدڕاڵی داوایەك لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماردەكرێت

عیراق

09/07/2019‌ 1258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
 چەند پارێزەرێكی خۆبەخشی لە هەرێمی كوردستان ، داوایەكیان خستووەتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دواخستووە. 

لەتیف مستەفا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر واڵەكەی خۆی لە فەیسبووك لە ڕۆژی 8 ی تەمموز ی 2019  ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردووەتەوە، داواشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە بچنە فەرمانگەكانی دادنووس و بریكارنامە بۆ ئەو پارێزەرە خۆبەخشانە بكەنەوە، كە وا بڕیارە رۆژی 21 ی تەمموز داوای یاسایی لەدادگای فیدڕاڵی دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن.

پێگەی مەركەز بیتولعراقی بڵاویكردەوە.
عەلا ڕوبەیعی سەركردەیەكی فراكسیۆنی سائیرون،  تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ عادل عەبدولمەهدی، كە كەسایەتییەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەخۆی نزیكدەكاتەوە و حزبیانە كار دەكات، لەو بارەشەوە هۆشدرای توندی داوەتە سەرۆك وەزیران، كە جومگەكانی دەوڵەت بە حیزبی نەكات.

ناوبراو دەڵێت: لە ڕێگەی ڕۆڵی چاودێرییمانەوە بۆمان دەركەوتووە، كە عەبدولمەهدی ، چ لە نووسینگەكەی یان شوێنی هەستیاری دیكە،  توانستی داوەتە چەند كەسایەتییەكی ئەنجوموەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، كە دۆسییەی هەستیار بەدەستەوە بگرن، ، پلەی تایبەتیشی پێبەخشیوون بەو ئامانجەی كۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی وەزیران بكات. 

ڕوبەیعی ئەوەش دەڵێت: ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و نەوەستێندرێت، ناوی ئەو كەسایەتییانە ئاشكرا دەكات، كە عەبدولمەهدی پۆستی باڵای پێبەخشیوون.

توركومانەكان دەڵێن پلانێكی نێودەوڵەتی دژ بە كەركوك لەئارادایە
جاسم محمەد بەیاتی ئەمینداری یەكیەتی ئیسلامی توركمانەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا لە 8 ی تەمموزی 2018 هۆشداری ئەوەی داوە، كە پلانێك بۆ گێڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی كوردی بۆ شاری كەركوك لەئارادایە، پلانەكە نێودەوڵەتییە و هەردوو پارتە كوردییە باڵادەستەكەش تێیدا بەشدارن. 

ناوبراو رایگەیاندووە، توركمان عەرەبەكان بەمە ڕازی نابن، پێشی وایە لەوەتەی حەشدی شەعبیش هاتووەتە كەركوك دۆخی ئەمنی شارەكە زۆر لە جاران باشتر بووە.

هەروەها رایگەیاند، پارتەكەشی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە بێ ئەوەی ڕێگە بەلایەنێك بدرێت باڵادەستی خۆی بەسەر شارەكەدا بسەپێنێت و دەبێت سازانی سیاسی پەیڕەو بكرێت. ووتیشی دەبێت پارێزگاری كەركوك لە پێكهاتەی توركمان بێت و توركمانەكان نۆرەی خۆیان لە گرتنەدەستی پۆستی پارێزگار تاقی بكەنەوە و مكوڕبوونی خۆشی دەربڕی كە دەبێت پۆستەكانی شارەكە بە ڕێژەی 32% بۆ هەر نەتەوەیەك دابەش بكرێن.

چەند لایەنێكی حەشدی شەعبی ملكەچی بڕیارەكەی عەبدولمەهدی نابن
بەرپرسێك ڕایگەیاندووە چەند لایەنێكی حەشدی شەعبی ڕەتیدەكەنەوە ملكەچی بڕیارەكەی عەبدولمەهدی بن و وتوویانە ئەوان پێش بوونی بۆگەڕاوەیی (مەڕجەعییە) نەجەف بووینان هەبووە. 

ئەو بەرپرسە بۆ ڕۆژنامەی خەلیج ڕایگەیاندووە، لایەنە چەكدارەكانی سەر بە نەجەف ملكەچی خۆیان بۆ بڕیارەكەی عەبدولمەهدی دەربڕیووە، بەڵام لایەنەكانی دیكە، كە سەر بە نەجەف نین، ملكەچی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران نابن و چەك و بارەگاكانی خۆشیان ڕادەستی حكومەت ناكەن.

پارێزەرانی خۆبەخش لەدادگای فیدڕاڵی داوایەك لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەن
چەند پارێزەرێكی خۆبەخشی لە هەرێمی كوردستان ، داوایەكیان خستۆتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دواخستووە. لەتیف مستەفا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر واڵەكەی خۆی لە فەیس بوك لە ڕۆژی 8 ی تەمموز ی 2019  ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردۆتەوە، داواشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە بچنە فەرمانگەكانی دادنووس و بریكارنامە بۆ ئەو پارێزەرە خۆبەخشانە بكەنەوە كە وا بڕیارە رۆژی 21 ی تەمموز داوای یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن.

حكومەتی ئەڵمانیا داوایەكی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە
شتیڤن زایبێرت – ی قسەكەری فەرمی حكومەتی ئەڵمانیا، ڕۆژی دوو شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە 8 ی تەمموزی 2019 ڕایگەیاند كە حكومەتی ئەڵمانیا داوایەكی حكومەتی ئەمریكایان ڕەتكردۆتەوە لەوەی هێزەكانیان ڕەوانەی سوریا بكەن، بەو پاساوەی ئەركی هێزەكانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژ بە داعش ناردنی هێزە ووشكانی بۆ سوریا ناگرێتەوە.

جیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا داوای لە حكومەتی ئەڵمانیا كردبوو بە مەبەستی یارمەتیدان لە جەنگی دژ بە داعش هێزەكانیان ڕەوانەی سوریا بكەن، بە گوێرەی چاودێرانیش ئەم ڕەتكردنەوەی حكومەتی ئەڵمانیا دۆناڵد تڕەمپ توڕە دەكات كە گەرەكیەتی ئەڵمانیا ڕۆلێكی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت.

سی ئین ئێنی بڵاویكردووەتەوە 
لەوانەیە ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا ڕۆڵی نێوانگیری لە نێوان تاران و اشنتۆندا بگێڕێت لەو تەنگژە تازەیەی لە نێوان ئەو دوو ووڵاتەدا سەری هەڵداوە، ئەمەش دوای ئەوەی ماكڕۆن لە پەیوەندییەكی تەلە فۆنیدا لەگەڵ ڕۆحانی وادەی 15 ئەم مانگەیان دیاریكردوە كە كۆبوونەوەی ووڵاتانی 5+1 ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ تەنگژەكە و دەربازكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە هەرەسهێنان، دیاریش نییە كە نوێنەری ئەمریكا بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت یاخود نا.

لە سەرێكی دیكەشەوە تڕەمپ ڕایگەیاند كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە وا باشترە ئێرانییەكان ووریایی خۆیانبن و لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیان بەردەوام نەبن، ووتیشی ئێران لەبەر تاكە هۆكارێك یۆرانیۆم دەپیتێنێت و ئەو هۆكارەشتان پێ ناڵێم.

ڕۆژی 2 شەممە دیمیتری بیسكۆڤی قسەكەری فەرمی كرملین ڕایگەیاند كە ڕوسیا كۆششە دبلۆماسییەكانی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران درێژە پێ دەدات، ووتیشی هێشتا ئەوان پشتیوانی پلانە گشتگیرە هاوبەشەكەن ( JCPOA)  و چاوەڕوانی ڕاپۆرتی ئاژانسی ووزەی ئەتۆمین لەو بارەوە. 

خەلیج ئۆنلاین بڵاویكردووەتەوە 
ڕۆژنامەی "فۆڕین پۆلیسی" ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە كە كار و كردەو ڕەفتارەكانی محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە وا لە زۆرێك لە موسوڵمانان دەكات بایەكۆتی حەج بكەن.

 ڕۆژنامەكە لە وتارێكیدا كە "ئەحمەد تویح " نووسیوویەتی باسی لە ڕەفتاری دوژمنكاری سعودیە كردووە بەرامبەر بە یەمەن و ئەو قوربانیانەش كە لەو جەنگە كەوتوونەوە، هەروەها دەستگیركردنی دەیەها بانگخوازی بەناوبانگی سعودی، ئەمە جگە لەو ئاستەنگانەی بۆ چەند حاجییەك دروست دەكرێت بە هۆی هەڵوێستە سیاسییەكانیانەوە.

نووسەری وتارەكە دەڵێت: بن سەلمان ویستی وێنەیەكی پرشنگدارتر و ئەرێنی تری سعودیە نیشانی جیهانی دەرەوە بدات و بەمەش وێنەی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییە سەرشێتەكانی داپۆشێت، بەڵام ئەمە بەرهەڵستكارانی بێدەنگ نەكرد كە هێتاش باس لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەكەن لە سعودیە. 

سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە
توركیا بە ئاشكرایی هەموو جۆرە چەكێك دەداتە میلیشیا چەكدارە توندڕەووەكانی لیبیا، ڕەجەب تەیب  ئەردۆغانیش ئەوەی بە ڕوونی باسكردووە، تۆ بڵێی توركیا ئامانجەكانی لەپشت پڕچەكردنی ئەو توندڕەووانەوە چی بێت. دەكرێت ئەم ڕەفتاری توركیا وا لێكبدرێتەوە كە درێژبوونەوەی هەڵوێستە سیاسییەكانی ئەنقەرەیە لە سوریا كە پشتیوانی بەرەی نوسڕە و ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی دیكەی كردووە، ئامانجی توركیا پەلهاویشتنی هەژموونەكەیەتی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی گروپەكانی ئیسلامی سیاسییەوە بە مەبەستی گەیشتنی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی لە ناوچەكە. دوای شكستهێنانی ئەزموونی ئیخوانی لە ناوچەكە (میسر و سودان) ، توركیا لە كۆششی ئەوەدایە، ئەوەی پێ بكرێت بیكات بۆ ڕزگاركردنی ئەزموونی توندڕەووەكانی لیبیا، بە تایبەتیش كە سوپای نیشتمانی لیبی دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی ووڵاتدا گرتووە و میلیشیاكانی سەر بە توركیاش تەنها تەڕابلوسی پایتەختیان بەدەستەوە ماوە.

سەرچاوە: میدیا عێراقی‌و چیهانییەكان