ڤیدیۆ.. كۆمپانیای ئەپڵ ئایپادی چەماوە دروست دەكات

جیهان

10/07/2019‌ 1032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی Economic Daily New چینی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، كە بەپێی ئەوە بێت كۆمپانیای ئەپڵی ئمریكی كار لەسەر درووستكردنی ئامێرێكی چەماوەی ئایپاد دەكات ، كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو بخرێتە روو .

بەگوێرەی راپۆرتەكە شاشەی ئامێری ئایپادە چەماوەكە یەكسانە بەپێوەری شاشەی ئامێری ئێستای ماك پۆك، هەروەك ئامێرەكە تۆرەكانی نەوەی پێنجەمیش دەخوێنێتەوە ، بەوەش زیاتر ئامێرێكە بۆ چینی پیاوانی خاوەن كار بەردەست دەبێت .

دەنگۆكانیش باس لەوەش دەكەن، كە ڤێرژنی نوێی iPad Pro لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەردەچێت لەگەڵ كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، كە گرنگترینیان كامێرایەكی سێرەهەندی لەبەشی دواوە بەتەكنیكی ToF بۆ گرتنی وێنە و درووستكردنی قەبارەی سێرەهەندی و دەستكاریكردنی لەرێگای پێنووسی ئەپڵەوە.

راپۆرتەكانی پێشووتر ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە ئایفۆن گرنگی زۆریش بە درووستكردنی ئایفۆنی خاوەن شاشەی چەماوەش دەدات ، بەڵام هێشتا ئایفۆن بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ سەرنجێكی لەسەر ئەو هەواڵانە دەرنەبڕیوە .

سامسۆنگ و هواوی بەفەرمی درووستكردنی مۆبایلی شاشە چەماوەیان راگەیاندووە وەك Galaxy Fold و Mate X . سەبارەت بە سامسۆنگ بڕیاریداوە بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتە تەكنیكییەكانی پێكهاتەی مۆبایلەكە نمایشكردنی دوابخات ، هەرچی هواویشە بەمەبەستی دووركەوتنەوە لەو هەڵانەی سامسۆنگ تێیكەوتووە پەلە نەكات لەخستنەڕووی مۆبایلە شاشە چەماوەكەی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی