توركمانەكانی كەركوك لەپەیوەندی بەهێزی كوردو عادل عەبدولمەهدی نیگەرانن

عیراق

11/07/2019‌ 780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێك لە توركمانەكان دەڵێن پەیوەندی بەهێزی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهێزە كوردییەكان جێگای نیگەرانییە و سەردەكێشی بۆ لەدەستدانی كەركوك ، بەهۆی ئەوەی عەبدولمەهدی چاوپۆشی لە پلانی كورد و ئەمەریكییەكان دەكات بۆ گێڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك .

جاسم محەمەد بەیاتی پەرلەمانتاری پێشووی توركمان لەلێدوانێكیدا بەپێگەی "مەعلوومە"ی رایگەیاندووە، پەیوەندی بەهێزی سەرۆك وەزیران بە هێزە كوردییەكان ترس و نیگەرانی لەدەستدانی كەركووك دەوروژێنێت.

ئەو سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە، كە عەبدول مەهدی هیچ گرنگی بە جوڵەی كوردەكان نادات بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك .

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو بەرپرسە توركمانە دەڵێت: "سەرۆك وەزیران چاوپۆشی لە پێشێلكاری هێزە كوردییەكان دەكات ، ئەویش لەڕێگای ناردنی پارەی نەوت و بێدەنگی لەئاست پیلانگێڕی هێزە كوردییەكان و ئەمەریكییەكان بۆ گیڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە ئەو رێوشوێنانەی عەبدول مەهدی گرتوونییەتەبەر  لەئاستی پێویستدا نین و لەبەرژەوەندی كوردەكان دەستبەرداری كەركووك دەبێت .

بەشێك لە توركمانەكان باس لەوە دەكەن، كە پلانێك لەئارادایەو ئەنجوومەنی ئاسایش سەرپەرشتی دەكات بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق ، لەپێناو گێرانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاریزگای كەركوك .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی