فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو ژنە دەرچوو لەكەركوك ستایشی سەددامی كرد

عیراق

14/07/2019‌ 1716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی بەرپرس باسی لەوە كردووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ  ئەو ژنە دەرچووە لەناو خۆپیشاندانەی رۆژی شەممەی بەشێك لە عەرەبەكانی كەركوك دژ بە پاڵاوتنی "تەیب جەبار" بۆ پارێزگاری كەركوك رێكخرابوو تێیدا ستایشی سەددام حوسێن و حزبی بەعسی كرد .

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ "رەنا حەمید" دەرچووە بەتۆمەتی بەرزراگرتنی سەددام حوسێن و حیزبی بەعسی قەدەغەكراو لەكاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندنانی دژ بە دیاریكردنی پارێزگاریكی كورد بۆ شارەكە ، بەڵام بێئەوەی هیچ وردەكارییەكی تر باس بكات .

رەنا حەمید لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، كە لەناو خۆپیشاندەرانی عەرەبی كەركوك درووشم بۆ بەرزراگرتنی سەدام و حزبی بەعس دەڵێت: وەكو "ئێمە سەددامین (...) و كەركوك بۆ عەرەبی سوونەیە"، دەشوترێت  ئەو كەسە خەڵكی رەسەنی كەركوك نییە ، بەڵكو لەشاری روممادی ناوەندی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراقە .

یاسای "قەدەغەكردنی حیزبی بەعس و قەوارە و حیزب و چالاكییە رەگەزپەرستی و تیرۆریستی و تەكفیرییەكانی ساڵی ٢٠١٦" دەڵێت: هەر كەسێك لایەنگیری بۆ حیزبی بەعسی قەدەغەكراو پیشان بدات، یان برەو بە بیروبۆچوونەكانی بدات بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان یان هەوڵ بدات خەڵك بۆ لایەنگری ئەو حیزبە قەدەغەكراوە رابكێشێ ، ئەوە سزا دەدرێت بە ماوەیەك كە لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.

رێكەوتنی یەكێتی نیشتمانی و پارتی بۆ پاڵاوتنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پاریزگاری كەركوك ، نارەزایەتی بەشێك لە هێزە سیاسییە عەرەبی و توركمانەكانییەكانی كەركووكی لێكەوتەوە و پێیان وایە ئەو پۆستە نابێت جاریكی تر بدرێتەوە بە پێكهاتەی كوردی .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی