خالید شوانی: زۆربەی خۆپیشاندەرانی كەركوك خزمی پارێزگار بوون

عیراق

14/07/2019‌ 1056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگرنگی خۆپیشاندانەكەی رۆژی هەینی بەشێك لەعەرەبەكانی كەركوك كەمدەكاتەوە و دەڵێت: زۆرینەی خۆپیشاندەران خزمەكانی پارێزگاری ئێستای كەركوك بوون .

شوانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەشڵێت: عەرەبەكانی كەركوك ناتوانن خۆپیشاندانی گەورە رێكبخەن وەكو بۆخۆیان باسی لێوە دەكەن ، بەڵكو تەنیا چەند سەد كەسێكن لەخزمەكانی پارێزگاری ئێستای كەركوك كۆبوونەتەوە.


لەبەشێكی تری قسەكانیدا شوانی باسی لەوەش كرد، هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بەپێی میكانیزمە دیموكراتییەكان و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بووە ، نەوەك وەك دەوترێت بەپێی رێكەوتنی نێوان دوو حیزب ، بەڵكو پرۆسەكە لەڕێگای لیستی برایەتی كەركوكەوە بووە، كە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحیشی لەخۆگرتووە ، كە لەكۆی ٤١ كورسی  ٢٦ كورسی ئەنجومەنەكەی هەیە.

خالید شوانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، عەرەبەكانی كەركوك پەلەیان لە كارەكەدا كردووە ، بەوەی دۆسییەكەیان لە بابەتێكی ئیدارییەوە بۆ بابەتێكی سیاسی، یان ترسناكتر، كە رەگەزپەرستییە بردووە ، ئەویش كاتێك رایانگەیاند، نابێت پارێزگاری كەركوك كورد بێت.

رۆژی هەینی ( ١٢ی تەمموز ) دەیان كەس، كە زۆرینەیان لەپێكاهاتەی عەرەبی سوننە بوون وەك نارەزایەتییەك لەبەرانبەر بەپاڵاوتنی "تەیب جەبار" بە پارێزگاری نوێی كەركووك خۆپیشانانیان ساز كرد و دژ بەو رێكەوتنەی یەكێتی و پارتی وەستانەوە .

هەروەها بەرەی یەكگرتووەی عەرەبی، كە رێكخەری خۆپیشاندانەكە بووە رایگەیاند، رێگە نادەین حزبە كوردییەكان چارەنووسی كەركووك دیاری بكەن .

لای خۆیشییەوە محەمەد ریاشی وتەبیژی بەرەی یەكگرتووی عەرەب لە كەركوك لەلێدوانێكیدا بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاند، ئەوەی حیزبە كوردییەكان بڕیاریان لەسەر داوە نیشانەی بەردەوامی بەرنامە و هەڵسوكەوتی تاكلایەنەی ئەوانە بۆ پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی تری شارەكە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی