توركیا فشار دەكات راكان جبوری لەپۆستی پارێزگاری كەركوك بمێنێـتەوە

کوردستان

15/07/2019‌ 1643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەجات حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، باس لە گوشارەكانی توركیا دەكات بۆ مانەوەی راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك لە پۆستەكەیدا ، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەر بە حیزبەكەی خەمیس خەنجەرە و لە توركیاوە نزیكە.

حوسێن لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: لایەنی توركی دەستیان بە گوشارەكانیان كردووە لەپێناو مانەوەی راكان سەعید جبوری تالەپۆستەكەیدا بمێنیتەوە ، لەبەر ئەوەی ناوبراو سەر بە حیزبەكەی خەمیس خەنجەرە، كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە ، بۆیە گوشار لە بەرەی توركمانی دەكەن تا پشتیوانی مانەوەی پارێزگاری ئێستا بكات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا باس لەوەش دەكات، كە پێكهاتەی عەرەبی دەیانەوێت تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر جێگاو رێگای خۆیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان پارێزگاری ئێستا لەشوێنی خۆی بمێنێتەوە، چاوەڕێش دەكات دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت .

هەروەها دەشڵێت: دوای گەڕانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ كەركووك و داخڵكردنی نزیكەی ٦٨ هەزار ناوی نوێ بۆ تۆماری دەنگدەرانی كەركوك ، ئێستا پێكهاتەی عەرەبی داوای نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە ناكەن، كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو بەردەوام ئەو داواكارییەیان هەبوو .

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە ٤١ ئەندام پێكدێت و لە ساڵی ٢٠٠٥ هەڵبژێردراوە ، بەشێوەیەك لیستی برایەتی كەركوك  ٢٦ ئەندامی هەیە ، توركمانەكان ٩ ئەندام ، عەرەبەكان ٦ ئەندامیان هەیە . لەدوای ئەو هەڵبژاردنە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر دیاریكردنی ڕێژەی پێكهاتەكان هیچ هەڵبژاردنیكی تر لە پاریزگاكە بەڕێوە نەچووە.

ئەو ئەدامە توركمانەی ئەنجوومەنی پاریزگا ئەوەش دەڵێت: عەرەب و توركمانەكان دەیانەوێت پەنا بۆ ڕێگای سیاسی بەرن تا ئیدارەی ئێستای شارەكە وەك خۆی بمنێتەوە تا كاتی هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی نوێ بۆ پارێزگاكە.

نەجان ئاماژە بەوەش دەكات، كە كوردەكان پەیامی ئەوەیان بۆ توركمانەكان ناردووە ئامادەن پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بدەن بە پێكهاتەی توركمانی ، بۆ ئەوەش بەرەی توركمانی سێ پاڵێوراوی  ئامادە كردووە ، كە بریتین لە رەعد روشدی ، نەجات حوسێن و عەلی مەهدی.

لەساڵی 2017وە راكان سەعید جبوری بەوەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوك بەرێدەبات، ئەوەش دوای دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی لەپۆستەكەی.

هـ ـ ح