هواوی بەشێكی زۆری فەرمانبەرەكانی لەئەمەریكا دەنێرێتە ماڵەوە

جیهان

17/07/2019‌ 478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، كە  كۆمپانیای "هواوی" چینی، بەرنامەی هەیە بەشێكی زۆری فەرمانبەرەكانی لە ئەمەریكا بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە .

چاوەڕێ دەكارێت پرۆسەی دەركردنی فەرمانبەرانی هواوی "یەكەی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدان"ی سەر بەهواوی "فیوچرۆی تەكەنەلۆجیز" لە وڵاتە یەكگرتووەكان بگرێتەوە كە ٨٥٠ فەرمانبەر دەبن و لە سەرانسەری ئەمەریكا كار دەكەن .

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە سەدان فەرمانبەری تری كۆمپانیاكە لەو وڵاتە دەنێردرێنەوە ماڵەوە ، هەروەك ئەو فەرمانبەرە چینیانەی لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كار دەكەن سەرپشك دەكرێن لەو وڵاتە بمێننەوە و بۆ كۆمپانیاكە كار بكەن یان بگەڕینەوە بۆ چین .

ئیدارەی ئەمەریكی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای هواوی خستە لیستی ڕەشەوە ، بەوپێیەش كۆمپانیا چینییەكە نەیدەتوانی دەستی بە تەكنەلۆژیای ئەمەریكی بگات بێ مۆڵەتی حكوومەتی واشنتۆن ، بەڵام لەكۆتایی مانگی حوزەیران دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەكەی لە یابان ڕایگەیاند كە دووبارە رێگە بە هواوی دەدەن لەو وڵاتە كار بكاتەوە و كەلوپەلی ئەمەریكی بەدەستبهێنیت، كە بە قسەی خۆی هواوی مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر وڵاتە یەكگرتووەكان درووست ناكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی