كڵیچدار ئۆغڵو لەسەر ئیخوان موسلیمین رەخنەی توند لەئەردۆغان دەگرێت

جیهان

18/07/2019‌ 649 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەمال كڵیچدار ئۆغڵو ڕێبەری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ، رەخنەی توند لەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا دەگرێت بەهۆی پەیوەندی بەرێكخراوی "ئیخوان موسلیمین" و ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەیە .

بەگوێرەی كۆمەڵێك دەزگای راگەیاندنی توركیا ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەكاتی قسەكردنی بۆ كوتلە پەرلەمانییەكەی پارتەكەی لەپەرلەمانی توركیا باسی كۆمەڵێك دۆسیەی پەیوەست بە توركیا و وڵاتانی دەوروبەری كردووە .

كڵیچدار ئۆغڵو داوای لە ئەردۆغان كردووە، دەستبەرداری ڕێكخراوی "ئیخوان موسلیمین" ببێت، كە پێیوایە ئاستەنگی سەرەكی هەر هەوڵێكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی .

ئۆغڵو پێیوایە ئەگەر توركیا بیەوێت ڕۆڵێكی تەوەریی لە سیاسەتی دەرەوەیدا بگیرێت ئەوە دەبێت دەستبەرداری ڕێكخراوی "ئیخوان موسلیمین" ببێت ، بەگاڵتەشەوە دەڵێت "باشە ئیخوان موسلیمین كێن ؟ بەرژەوەندییەكانی توركیا لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە ".

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری داوا لە ئەردۆغان دەكات واز لەناردنی چەك و تەقەمەنی و نانەوەی ئاژاوە لە لیبیا بێنێت ، پرسیاری ئەوە دەكات : باشە چیتان لە لیبیا دەوێت ؟ بۆچی چەك بۆ ئەو وڵات دەنێرن ؟.

سەرۆكی ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەی توركیا ڕوو لەئەردۆغان دەكات و دەڵێت: توركیا لەجیاتی ئەوەی لەلیبیا خەریكی خۆشكردنی ئاگری شەڕ بێت لەنێوان براكان ، پێویستە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی رۆڵی نیوەندگیر ببینێت .

لە دۆسیەی میسر كڵیچدار ئۆگلو داوا دەكات توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە و باڵێۆزی خۆی بنێرێتە بۆ ئەو وڵاتە ، لەبەر ئەوەی ناكۆكی لەگەڵ میسر زۆر بەقورسی لەسەر توركیا دەكەوێت .

ئۆغڵۆ پرسیاری ئەوە لە ئەردۆغان دەكات و دەڵێت: لەجیاتی تەبایی بۆچی دەبێت خەریكی ململانێ بین لەگەڵ میسر ، لەگەڵ ئەوان مێژوو و كولتووری هاوبەشمان هەیە ، باشە بەچی پاساوێك ملبەملەیان لەگەڵ دەكەین ، لەكاتێكدا باجی ئەو ملبەملەیە زۆر بەقورسی لەسەر توركیا دەكەوێت .

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی چەند دۆسیەیەكەوە پەیوەندییەكانی نێوان میسر و توركیا ئاڵۆزی تێكەوتووە كە دیارترینیان بریتییە پشتیوانیكردنی ڕێكخراوی "ئیخوان موسلیمین" لەلایەن توركیاوە ، كە لە میسر بە رێكخراوێكی تیرۆریستی هەژمار كراوە .

میسر چەندین جار داوای لە توركیا كردووە سەركردەكانی "ئیخوان موسلیمین" ئەوانەی توركیا لەو وڵاتە داڵدەی داون رادەستی میسر بكاتەوە  ، لەبەر ئەوەی تۆمەتبارن بەوەی لەپشت كاروكردەوە توندوتیژییەكان و پەلاماردانی هێزەكانی سوپا و پۆلیسی میسرەوەن و هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدەن .

هەرچی پەیوەندی بە دۆسیەی سوریاوە هەیە ،كڵیچدار ئۆغلو  لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان رازی نییە و داوا دەكات توركیا بەخێرایی و لەسەر ئاستی فەرمی دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد   ساز بكات و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەش لە دیمەشق بكاتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی