تاوەرەكانی دوبەی ئامانجە لەپیشینەكانی موشەكە ئێرانییەكان دەبن

جیهان

19/07/2019‌ 1533 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، لەئەگەری درووستبوونی هەر ڕووبەرووبونەوەیەكی سەربازی لەگەڵ ئێران، ئەوە تاوەرە هەوربڕەكانی ئیمارات لەشارەكانی دوبەی و ئەبوزەبی دەبنە ئامانجی لەپێشینەی موشەكەكانی ئێران و وێران دەكرێن ، هەر ئەوەشە وای لەسەركردەكانی ئیمارات كردووە هەست بەراددەی ئەو مەترسییە بكەن و دواجار پاڵی پێوەناون بڕیاری كشانەوەی هیزەكانیان لەیەمەن بدەن و دەستبەرداری سعودییە ببن .

بەپێی راپۆرتەكە، سەركردەكانی ئیمارات باش دەزانن، كە تاوەرە ڕازاوە و بەسامەكانیان دەبنە ئامانجی یەكەمی موشەكەكانی ئێران، كە بەهۆیەوە ئەو جوانی و رازاوەییەی دوبەی و ئەبوزەبی دەكەنە وێرانە.

نووسەری بابەتەكە، كە دیڤید ئەگناتیوسە لەو بارەوە دەڵێت: هەر ئەو ترسەسە وای لە ئیماراتییەكان كرد، كە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەستبەسەركردنی كەشتییە نەوتییەكەیان لەلایەن ئێرانەوە بكەن و هەوڵ بدەن ئاستی گرژییەكانیان لەگەڵ ئێرانییەكان كەم بكەنەوە، دواجاریش بڕیاری كشانەوەی سەرجەم هێزەكانیان لەیەمەن بدەن، كە چوار ساڵە بەشدارن لەجەنگێكی ماڵوێرانكەر لەگەڵ حوسییەكانی لایەنگری یەمەن .

رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە عێراق خاڵی لاوازی ئەمەریكایە لەكاتی درووستبوونی هەر جەنگێك لەگەڵ ئێران ، كە رەنگە گروپە چەكدارییە شیعییەكانی عێراق، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن هەڕەشەن لەسەر ٥ هەزار سەربازی ئەمەریكی لەعێراق.

هەروەها بڵاویكردووەتەوە، ئاڵنگاری ئێستای كەنداو بریتییە لە ئاسایشی دەریایی لەهێرشی ئێرانی بۆسەر كەشتییە بارهەڵگرەكان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا