پلانى پۆتین بۆ راکێشانى تورکیا.. روسیا بە فرۆشتنى چەکە پێشکەوتووەکانى تورکیا لە بەرەى ئەمریکا دەهێنێتە دەرەوە

جیهان

19/07/2019‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت بازرگانییە چەکییەکانى تورکیاو روسیا فراوانتر دەبێت و مۆسکۆ لە رێیى ئەو بازرگانییەوە تورکیا لەبەرەى ئەمریکاو ناتۆ دوور دەخاتەوە.


دواى خستنە خوارەوەى فڕۆکەکەى روسیا لە ئاسمانى تورکیاو سازشە یەک لە دواى یەکەکانى ئەردۆغان بۆ مۆسکۆ بازنەیەکى ترى پەیوەندى لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەستى پێکردو پۆتین پلانێکى وردى بۆ پەلکێشکردنى تورکیاو هێنانە دەرەوەى لەبەرەى ئەمریکاو ئەوروپا داڕشت.

لەئێستادا ئەو پلانەى پۆتین بەشێوەیەکى خێراو سەرنجڕاکێش جێبەجێ دەکرێت، کڕینى سیستەمى ئێس ٤٠٠ بەتەواوەتى ئەنقەرەى خستە سەر شاڕێی تەسلیم بوون بە روسیاو هاتنە دەرەوە لە ژێر چەپۆکى ئەمریکا.

لەچەند رۆژى رابردوودا ١٤ کاروانى سیستەمى بەرگرى ئێس ٤٠٠ گەیشتووەتە تورکیا، ئەوەش ئەمریکاى نیگەران کردو ناتۆش بڕیاریدا گفتوگۆ لەسەر دەرکردنى ئەنقەرە لە هاوپەیمانیەتیەکە بکاتە دەرەوە، ئیدارەى ترەمپیش لەئێستادا لە دیراسەکردنى زنجیرەیەک سزادایە کە بەسەر تورکیادا بیسەپێنێت.

هەڵوێستەکانى سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەو پەڕی بێمنەتى بەرامبەر ئەمریکاو ناتۆ پیشان دەدات کاتێک رایگەیاند، ئەوان ئامادەن بێ هیچ گفتوگۆیەک لە ناتۆ بچنە دەرەوە ئەگەر ناتۆ ئەو بریارە بدات.

ئەمریکا بریاریدا کە فرۆکەى ئێف ٣٥ و سیستەمى بەرگری پاتریۆت بە تورکیا نەفرۆشێت و لەبەرامبەردا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، بەڵام ترەمپ لە وتەکانى رۆژى پێنج شەممەى رابردوودا رایگەیاند، لەئێستادا بیریان لە سزادانى تورکیا نەکردوەتەوە.

لەبەرامبەر نەفرشتنى فڕۆکەى ئێف ٣٥ بە تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمڕۆ هەینى روسیا رەزامەندى دەربڕى بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی جۆری (سۆ35)، بە تورکیا، ئەگەر ئەنقەرە داواى بکات.


 فڕۆکەی جەنگی (سۆ35)، دروستکراوی کۆمپانیای سەربازیی (کەناپۆ)ی روسیایە و نەوەی شەشەمی (سۆ)ەیە، نرخی ھەر فڕۆکەیەیش (35) ملیۆن دۆلارە.

ئەگەر تورکیا ئەو فڕۆکەیە بەدەستیھێنێت لە دوای (چین و میسر) دەبێتە سێیەمین وڵات کە  فڕۆکەی جەنگی (سۆ35) بخاتە خزمەتی ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەی.

بە کڕینى ئەو فڕۆکەیەش تورکیا دەتوانێت شوێنى فڕۆکەى ئێف ٣٥ى ئەمریکاى پێ پڕ بکاتەوە کە لەرووى پێشکەوتنەوە لە هاوشانى فڕۆکە جەنگییەکەى ئەمریکا دەبێت.

لەماوەى یەک ساڵى رابردوودا تورکیا نزیکەى ١٠٠ گرێبەستى بارزگانى لە بوارى سەربازى و ئابورى و بارزگانیدا واژۆ کردوە، ئەوەش بە ملیارەها دۆلار دەخاتە خەزێنەى دەوڵەتى روسیاوە کە ئەوەش ئامانجى دووەمى پلانەکەى پۆتینە.

هەموو ئەو گرێبەستانە وایکردوە روسیا زۆر بە ئاسانى تورکیا لە بەرەى ئەمریکا بهێنێتە دەرەوەو بیخاتە بەرەکەى خۆیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا پەیوەندییەکى باش لەنێوان ئەمریکا و تورکیا هەیە، بەڵام سەرکێشییەکانى ئەردۆغان ئەو پەیوەندییەى لەق کردوەو پێناچێت وەک خۆى بمێنێتەوە.
س.هـ