بەقاچاغبردنی چەك.. پاڵنەرەكانی دەستتێوەردانی توركیا لە لیبیا

جیهان

20/07/2019‌ 831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەنگژەی لیبیا بەرەو هەڵكشانە، ئەمەش لەڕێگەی بەقاچاخبردنی چەك و چەكدارەكان "چ بە ئاسمان و چ بە ئاودا" لە توركیاوە بۆ لیبیا،شكستی میلیشیاكانی سەر بە حكومەتی سازانی نیشتمانی لە بەرامبەر سوپای نیشتمانی لیبی بەردەوامە. پرسیارەكەش ئەوەیە بۆچی توركیا دەستتێوەردان لە كاروباری لیبیا دەكات.

بەقاچاخبردنی چەكی توركی 
زۆر لە ڕاپۆرتەكان كە زۆرێك لە ڕۆژنامەكان بڵاویان كردوونەوە، ئاماژە بەوە دەدەن كە لە مانگی تەمووزدا سێرە لە جوڵەی فڕۆكەكانی سەر بە كۆمپانیایەكی ئۆكڕانی گیراوە كە چەك و چەكدارە توندڕەووەكانی لە سوریاوە بۆ لیبیا گواستونەوە، فڕۆكەكان لە "كێف"  وە دەرچوون، ئینجا بەرەو   فڕۆكەخانەی "ئیسنبوجا" ی توركی لە ئەنقەرە‌، ئینجا گەیشتوونە هەردوو شاری "تەڕابلوس و میسڕاته" ‌ی لیبیا. ئەو جۆرە فڕۆكانە بە گوێرەی یاسا كارپێكراوە جیهانییەكان ئاراستەی كۆتاییان دیاری ناكرێت، ئەمەش بە مەبەستی شاردنەوەی سرووشتی گەشت و بارەكانیان.

ئەم كردەوانە تازەنین، ئەنقەرە لە ساڵانی پێشووشدا چەكی بۆ توركیا بە قاچاخ بردووە كە پیشێلكاری بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی‌ ژمارە 1970 مارسی ساڵی 2011 یە، ئەم بڕیارە دواتر بە كۆدەنگی ئەنجومەنەكە لە 10 ی حوزەیرانی ئەمساڵ نوێ كرایەوە، دواتر لە نۆڤەمبەری 2014 بارێك چەك و تەقەمەنی توركی كە 32 ملیۆن فیشەك بوو دەستی بەسەرداگیرا كە بۆ میلیشیا چەكدارەكانی لیبیا ڕەوانە دەكرا، لە یەنایەری 2018 یۆنان دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی توركی ڕایگەیاند كە بەرەو لیبیا دەچوو  و بارەكەشی 500 تەن كەرەستەی تەقینەوە بوو، لە دیسەمبەری 2018 دەست بەسەر بارێكی چەك و تەقەمەنیدا گیرا كە لە توركیاوە بەرەو لێبیا دەچوو كە 4.3 ملیۆن فیشەك و نزیكەی 400 تفەنگ و 3000 دەمانچە بوو.

لە مایۆی ڕابردووش كەشتی ئەمازۆنی توركی گەیشتە بەندەری تەرابلوس و بارەكەشی ڕۆكیتی ستینجەڕی دژە فڕۆكە،  5 بنكەی هەڵدانی موشەكی و 40 زرێپۆش  و موشەك بوون. 

نیوەی یەكەمی ساڵی 2019 چەكداركردنی میلیشیاكانی لیبیا كە تەڕابلوسییان بەدەستەوەیە لە لایەن توركیاوە پەرەیسەند، بە قاچاخبرد بۆ لیبیا زیادی كرد، ئەمەش لە جەنگی غریان لە باشووری تەڕابلوس لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 بە ڕوونی دەركەوت،  كە میلیشیاكان توانیان دەستبەسەر غریانی ستراتیژیدا بگرنەوە و لە بن دەستی سوپای نیشتمانی لیبی دەرێنن. لیوا "ئەحمەد مسماری" یش ڕایگەیاند كە لەو جەنگەدا 8 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی بەشداربوون.

هۆكارەكانی پشتیوانی سەربازی و لوجستی توركیا بۆ حكو‌مەتی سازانی نیشتمانی لەم ماوەی دوایدا و بە تایبەتیش بە قاچاخبردنی چەك بۆ لیبیا جۆراوجۆرن، پاڵنەرەكانی توركیاش ئەمانەی خوارەوەن:
 
یەكەم/ ڕزگاركردنی هاوپەیمانەكە: ئەردۆغان كۆششی ئەوە دەكات "فایز سەراج" ی هاوپەیمانی ڕزگار بكات، چەند ڕاپۆرتێكی پێگەی ئەفریكان ئینتلجێنسAfrican Intelligence)  ) لە چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە ڕایگەیاند كە سەردانەكەی 5 یۆلیۆی 2019 ی سەراج بۆ ئەستەمبوڵ ئامانجە سەرەكییەكەی داواكردنی پشتیوانی سەربازی توركیا بووە، حكومەتەكەی سەراج چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی لە توركیا داوا كردووە كە بە قاچاخ بیانگوازێتەوە بۆ لیبیا، لە كاتێكدا لیبیا هێشتا هێنانەناوەوەی چەكی لێ قەدەغەیە بۆ ناو ووڵاتەكەی.

دووەم/ هەناردەكردنی تەنگژەكان: توركیا گەرەكیەتی نموونەی سوریا لە لیبیا بەرهەم بێنێتەوە، سیاسەتە دەرەكییەكەی لە سفركردنەوەی گرفتەكانەوە گۆڕاوە بۆ هەناردەكردنی گرفتەكان، بەوەی چەكدارەكانی گروپە تیرۆرستییەكان و بە تایبەتیش بەرەی نوسڕە دەگوازێتەوە بۆ تەڕابلوس، ئەمەش بەو مەبەستەی تەنگژەكانی تەنیشت ووڵاتەكەی لە سوریا بگوازێتەوە بۆ تەنیشت نەیارە هەرێمییەكانی، هەر ئەمەش لە 4 ی یۆلیۆی 2109 پاڵنەری فلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕوسیا بوو كە ڕەخنە لە بە قاچاخبردنی چەك و چەكدارە توندڕەووەكانی ئیدلب بەرەو لیبیا بگرێت، ئەمەش پەیامێكی پۆتین بوو بۆ توركیا.

سێیەم/ پشتیوانی ئابووری توركیا: توركیا بە مەبەستی دەربازبوونی لە تەنگژە ئابوورییەكەی، ئامانجیەتی وەبەرهێنان لە لیبیادا بكات و لە بەقاچاخبردنی چەك و چەكدارە توندڕەووەكانەوە دەرامەتە داراییەكانی خۆی زیاد بكات، توركیا گەرەكیەتی هەناردە بەرگرییەكانی لە ساڵی 2019 بگەیەنێتە نزیكەی 3 ملیار دۆلار ، لە كاتیكدا ئەو بڕەیە 2.2 ملیار دۆلار بوو‌ لە ساڵی 2018 .  لیبیاش كە دەوڵەمەندە بە دەرامەتە سرووشتییەكان، هەلێكی باشە بۆ ئەنقەرە بۆ فرۆشتنی چەكەكانی  و دانانی پلان  بۆ سوودوەرگرتن لە دۆزینەوەی سەرچاوەكانی ووزە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا، بە تایبەتیش كە تێكرای گەشەسەندنی توركیا نزم بۆتەوە؛ كە لە ساڵی 2017 ڕێژەكە 7.4% بوو، لە ساڵی 2018 بۆتە 2.6%، ئەمەش بە گوێرەی پەیمانگای ئاماری توركی. ڕاپۆرتەكەی ئاژانسی بلۆمبێرگ لە 8 ی یۆلیۆی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەداوە كە پشتیوانی ئەنقەرە بۆ حكومەتەكەی سەڕاج بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی بنیاتنانە كە گوژمەكەی دەگاتە 18 ملیار دۆلار.

چوارەم/ سازشكردن لەگەڵ نەیارەكان: ئەردۆغان دەیەوێت شكستەكانی لە جەنگی سوریا و دۆڕاندنەكانی لە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆ  و پاشەكشەی بنكە جەماوەر‌ییەكەی حزبەكەی بەو سیاسەتە قەرەبوو بكاتەوە، ئەمەش بۆ بەرگرتن لە خەلیفە حەفتەر و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز لە لیبیا، چونكە كەوتنی تەڕابلوس واتای كەوتنی ئەو كارتی سازشكردنەیە كە ئەردۆغان لە دۆسییەی لیبیادا ئومێدی لەسەر هەڵچنییوە.

ڕەنگدانەوەی نەرێنییەكانی سیاسەتەكەی توركیا
یەكەم / دواخستنی یەكلاییكردنەوە: هێشتنەوەی باڵادەستی میلییا چەكدارەكانە  بەسەر تەڕابلوسەوە ، ئاگرخۆشكردنی جەنگی لیبیایە بەوەی یەكلاییكردنەوەكەی دوابخات و سوپای لیبیا نەتوانی میلیشیاكان دەربكات.

دووەم/ پەلهاویشتنی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان: پەنادانی چەكدارە تیرۆرستەكانی سوریا و لیبیایە و بە تایبەتیش داعش كە گەرەكییەتی دووبارە لە لیبیا خۆی بگرێتەوە و بیكاتە سەنگەر و مەتەرێزی چالاكییەكانی، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2016  لە سرت وەدەرنران، هەر ئەمەش نهێنی زیادكردنی هێرشە تیرۆرستییەكانی داعشە لەم دوو مانگەی كۆتایدا بۆ سەر سوپا لیبیا.

سێیەم / پەرەپێدانی ڕاكێشانی لایەنەكان : تەنگژەی لیبیا بە هۆی هاتنی قاچاخی چەك و چەكدارەكان، دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بەوەی جەنگە درێژە بكێشێت، هەڵوێستی هەرێمایەتیش لە بەرامبەر لیبیا پەرت پەرت و دابەش بكات، ڕێگەچارەی سیاسی وەلانێت. دەرنەبڕینی هیچ هەڵوێستێكی فەرمیش لە لایەن "غەسان سەلامه" ‌ی نێردەی نێونەتەو‌ەیی بۆ لیبیا سەبارەت بە قاچاخبردنی چەك و چەكدارەكان ئامانجەكەی ڕوون و بەرچاوە.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر