پارتی 21 پۆستی تر لەپارێزگای موسڵ وەردەگرێت

عیراق

20/07/2019‌ 457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو پارێزگای موسڵ ٢١ پۆست وەردەگرێت و سیڤیی سەرجەم كاندیدانیش پێشكەش كراوە و چاوەڕێدەكرێت ئەم ھەفتەیە پۆستەكان وەربگیرێن.

بەرەكات شەمۆ، ئەندامی پارتی لەئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، پارتی لە پارێزگای موسڵ ٢١پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و جێگری بەڕێوەبەر و چەند پۆستێكی دیكەش لەناو دیوانی پارێزگا و ژمارەیەكی بەڕێوەبەری بەشەكانیش وەردەگرێت، لەوانە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری ئاو و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و جێگری بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنان و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس وەردەگرین.

شەمۆ راشیگەیاند، بەڕێوەبەرە گشتییەكان پێویستە لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێن و ئەوانەی دیكەش فەرمانی دەستبەكاربوونیان لەپارێزگا دەردەچێت و لە چوار بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەر ئێمە كەوتووە و سێ كاندیدمان پێشكەش كردووە و پشتگیری لەیەكێك دەكەین، ئەویش ئێستا جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستییە و سیڤیی سەرجەم پۆستەكانی دیكەش پێشكەش كراون و چاوەڕێ دەكرێت ئەم ھەفتەیە سەرجەم پۆستەكان وەربگرینەوە.

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێت، بەڵام سیڤیی كاندیدەكان دواكەوت،  بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەو پۆستە یەكلایی دەكرێتەوە.

هـ ـ ح