کۆمپانیاى فاروق هۆڵدینگ لەسەر پرۆژەى ریسایکلینى سلێمانى وەڵامى پەرلەمانتارێکى عێراق دەداتەوە

کوردستان

22/07/2019‌ 6799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیاى فاروق هۆڵدینگ لەسەر پرۆژەى ریسایکلینى سلێمانى رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ھەموو ئامێر و دەزگا و مەشینەکان لە ئەوروپا لە ھەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا کڕدراون و بەمزوانە دەگەنە سلێمانی و ھاوکات لە ئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێت.

 

لەوبارەیەوە کۆمپانیاکە کە خاوەنەکەى فاروق مەلا مستەفا گەورە سەرمایەدارى هەرێمى کوردستانە وەڵامى وتەکانى غالب محەمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕانى داوەتەوەو رایگەیاندوە "ئێمە بۆ مێژوو رایدەگەیەنین کە پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە کۆنتراکت و ئیمزا کرا بەڵام مۆڵەتی وەبەرھێنانەکەی لەلایەن حکومەتەوە دواکەوت تا ساڵی ٢٠١٥ واتە دوو ساڵ دواکەوت، سەرەتا پرۆژەکە ھاوبەش بوو  لە نێوان فاروق ھۆڵدینگ و کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بە پاڵپشتی دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی IFC و حکومەتی ھەرێم بەڵام کاتێک داعش ھاتە عێراق و دۆخی ئارامی و سەربازی و ئابوری وڵات تێکچوو، لافارج و IFC  ترسان لەو دۆخە و پەشیمان بوونەوە و  ھۆشداریاندا کە ناتوانن سەرمایەگوزاری لە عێراق بکەن وەک ناوچەی جەنگ. بەڵام دواتر بە مەرج رەزامەندبوونەوە کە کارەکە بکەن ئەوەبوو داوای زەمانەت لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا و ئەو داوایەش لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە دواکەوت و ئیتر پرۆژەکە پەکی کەوت".

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە ئێستادا ھەموو ئامێر و دەزگا و مەشینەکان لە ئەوروپا لە ھەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا کڕدراون و بەمزوانە دەگەنە سلێمانی و ھاوکات لە ئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێت و تەنانەت راکێشانی جادەو کارەبا و خەدەمات بەشێکی لەسەر ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا جێبەجێ دەکرێت چونکە حکومەتی ھەرێم نەیتوانی بە تەنھا ئەو کارە بکات.

 

هەروەها کۆمپانیاکە، رونیکردوەتەوە،ئەم لێدوانە "ناڕەوایانەی" غالب محمد علی کە پڕە لە  تەشھیر کردن و زانیاری بێ بنەما ناوبراو دەخاتە بەردەم لێپێچینەوەی یاسایی و رێکاری یاساو دادگا بەرامبەری دەگیرێتە بەر.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

وەڵامێک بۆ غالب محمد عەلی 

گرفت لەوەدا نییە بە قسە پەرۆشیی و خەمخۆری خۆت رابگەیەنیت بۆ لایک و کۆمێنت و موزاەیەدە، بەڵکو گرفت لەوەدایە کە ڕاست و ناڕاست تێکەڵ بکەی بۆ مەرامی تایبەتی خۆت و ڕای گشتی چەواشە بکەیت. 

مەرامی شەخسی و سیاسی خۆت بەلایەک بەڵام لێت قبوڵ ناکرێت ناوی کەسانێک بزڕێنیت کە دوورن لەو تۆمەت و زانیارە ناڕاستانەی دەیانخەیتەڕوو.

ھاوڵاتییان و ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە تەواوی زانیارییەکانی غالب محمد عەلی دەربارەی پرۆژەی ریسایکلینی تانجەرۆ لە سلێمانی لەبارەی ھەڵوێست و بەرپرسیارێتی فاروق ھۆڵدینگ و شەخسی بەڕێز فاروق مەلا مستەفا لەو پرۆژە ھاوبەشەدا ناڕاست و ھەڵبەستراون و ناوبراو یەکەم جاری نییە کە ھەوڵ دەدات لە سومعە و گەورەیی فاروق ھۆڵدینگ و خاوەنەکەی کەم بکاتەوە کە ھەرگیز سەرکەوتوو نابێت.

ئێمە بۆ مێژوو رایدەگەیەنین کە پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە کۆنتراکت و ئیمزا کرا بەڵام مۆڵەتی وەبەرھێنانەکەی لەلایەن حکومەتەوە دواکەوت تا ساڵی ٢٠١٥ واتە دوو ساڵ دواکەوت.

سەرەتا پرۆژەکە ھاوبەش بوو  لە نێوان فاروق ھۆڵدینگ و کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بە پاڵپشتی دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی IFC و حکومەتی ھەرێم بەڵام کاتێک داعش ھاتە عێراق و دۆخی ئارامی و سەربازی و ئابوری وڵات تێکچوو، لافارج و IFC  ترسان لەو دۆخە و پەشیمان بوونەوە و  ھۆشداریاندا کە ناتوانن سەرمایەگوزاری لە عێراق بکەن وەک ناوچەی جەنگ. بەڵام دواتر بە مەرج رەزامەندبوونەوە کە کارەکە بکەن ئەوەبوو داوای زەمانەت لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا و ئەو داوایەش لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە دواکەوت و ئیتر پرۆژەکە پەکی کەوت.

سەرباری قورسی پرۆژەکە لە رووی تێچوون و زۆری بودجەوە، فاروق ھۆڵدینگ لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ شاری سلێمانی و ژینگەو ژیانی ھاوڵاتیان، لە بەرواری ٢٠١٨/٧/٢٩  و بە تەنھا و بە بودجەی خۆی رەزامەندی حکومەتی ھەرێمی وەرگرت بە کڕینەوەی پشکەکانی لافارج و بڕیاری دا دەست بکات بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ریسایکلینی تانجەرۆ لە سلێمانی کە بە وەبەرھێنانێکی قازانج نەویست سەیری دەکەین. 

لە ئێستادا ھەموو ئامێر و دەزگا و مەشینەکان لە ئەوروپا لە ھەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا کڕدراون و بەمزوانە دەگەنە سلێمانی و ھاوکات لە ئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێت و تەنانەت راکێشانی جادەو کارەبا و خەدەمات بەشێکی لەسەر ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا جێبەجێ دەکرێت چونکە حکومەتی ھەرێم نەیتوانی بە تەنھا ئەو کارە بکات.

پرۆژەکە وەک ھەموو پرۆژەکانی تری فاروق ھۆڵدینگ بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ئەوروپی جێبەجێ دەکرێت پسپۆڕانی وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا  جێبەجێکارن.

بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، زبڵ بە گشتی و خاشاکی ماڵان و پاشماوەی کارگە پیشەسازییەکان  بە شێوازی زانستی و ژینگەیی چارەسەردەکرێن کە لە ساڵێکدا دەگاتە 400 هەزار تۆن.

لەگەڵ ئەوەی کە سوتاندنی خاشاک چیتر هەوای شارەکەمان پیس ناکات و رێژەی گازی CO2  زۆر کەم دەبێتەوە و تەندروستیی گشتیش پێش دەکەوێت ، لە هەمان کاتدا ناوچەی تانجەرۆ دەکەینە دارستان و سەوزایی وپاشماوە ئۆرگانییەکانیش دەگۆڕین بۆ وزەی دۆستی ژینگە.

سەرباری رێگری و بوختان و نوزە نوزەکان، دڵ خۆشین بەم پرۆژەیە  و سوورین لەسەر زوو تەواوکردنی چونکە  راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و تەندروستیی هاونیشتمانیانەوە هەیە و لە هەمان کاتیشدا هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت و ئابووری وڵاتمان پێش دەخات.

ئێمە رایدەگەیەنین کە سەرلەبەری پرۆژەکانی فاروق ھۆڵدینگ بۆ خزمەتی وڵاتە کە تەنھا یەک دینار وەبەرھێنانی لە دەرەوەی وڵات نییە.
بۆیە ناوبراو و ئەوەشی کە لە پشتەوە ھانی دەدات بۆ ئەم  لێدوانە ناڕاستانە ھەر پەشیمان دەبنەوە چونکە حەقیقەت وەک رۆژی رووناک دەدرەشێتەوە.
 
ئەم لێدوانە ناڕەوایانەی غالب محمد علی کە پڕە لە  تەشھیر کردن و زانیاری بێ بنەما ، ناوبراو دەخاتە بەردەم لێپێچینەوەی یاسایی و رێکاری یاساو دادگا بەرامبەری دەگیرێتە بەر.

__ ھاوپێچ کۆپی ئەو دۆکیومێنت و نوسراوە رەسمییانەیە کە ڕاستی ئەم بڵاوکراوەیە دەسەلمێنن لە گەڵ وێنەی پرۆژەکە کە لە ئێستادا بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت.


نوسینگەی راگەیاندنی فاروق ھۆڵدینگ  
سلێمانی 
20/7/2019