دژەتیرۆر بەتوندی وەڵامی رێبوار كەریم وەلی "ئاغاكانی" دەداتەوە

کوردستان

23/07/2019‌ 11235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپەڕەی فەرمی دژەتیرۆری كوردستان، وتارێك نووسراوە، ئەوەش لەژێر ناونیشانی "وەڵامێك بۆ ڕێبوار كەریم وەلی و ئاغاكانی".

وتارەكە لەلایەن "ئەفسەرێكی دژەتیرۆری كوردستان"ەوە نووسراوە بەبێ‌ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرابكرێت، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو وتارەی رۆژنامەنووس رێبوار كەریم وەلی لەهەفتەنانەی رووداو بڵاویكردووەتەوە (كلیك بكە بۆ خوێندنەوەی وتارەكە)

لە وتارەكەی دژەتیرۆر هاتووە: ماوەیەكە ڕیبوار كەریم وەلی بە فیتی ئاغاكانی خۆی لەخەڵك كردووە بە موحەللی ئاخر زەمان، ئەم زاتە كە هەموومان دەیناسین و ئاكار و رەفتاری بۆ هەمووكەس لە سۆشیال میدیا ئاشكرا ببوو، هەستاوە بەڕووقایمی دەستی داوەتە چەواشەكاری و لە مینبەری ڕووداو ئەو باس و خواسانە دەخاتەڕوو، كە دڵی ئاغاكانی خۆش بكات".

هەر لەوتارەكە هاتووە: رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا كابینەی نوێش پێك نەهاتبوو، لە وتارێكدا نووسی، كە حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی لاواز دەبێت، چونكە خۆی و ئاغاكانی لەهاتنە كایەی حكومەتێكی بەهێز دەترسن، هەفتەی رابردووش نووسیبووی ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حكومەت، لە كاتێكدا لە هەموو كابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حكومەت ، بێگومان ئەم ئاماژەشیان هەر نیشانەی ترسیانە، چونكە جددیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش چووەتە ناو حكومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێك بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن، كە هەموو خەلكی كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن. بۆ ئەوە چوونە ناو حكومەت چونكە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ درا و هێشتا خەلك نە كارەبای هەیە نە ئاوی هەیە، نە سیستەمی تەندروستی تەواوە، نە پەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چوونەتە ناو حكومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەكرێت، هەر رێگە لە دزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت".

لەوتارەكە باس لەوەش كراوە، ئەوەی لە كوردستاندا شانازیی پێوە كراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بووە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟ جا بۆیە ئێستا دوای ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەی ناو ریستورانتی هۆقەباز لە هەولێر، رێبوار و ئاغاكانی دلخۆش بوون، رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی كردووەتە سەر دەزگا ئەمنییەكان و دەلێ گوایە شتێك پەردەپۆش دەكەن و ئەوجا خەمی قوربانیبوونی ئاغاكانیەتی لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە".

هەروەها ئەوەش باسكراوە، كە "رێبوار خەمی ئەوەیەتی كە دەزگاكانی ئەمنی توانیویانە زوو كلكی ئاغاكانی لەم ڕووداوەدا ئاشكرا بكەن، هاوكارەكانی لە كەنالە مینبەرەكەی ڕیبوار هەرزوو وتیان هەموو سیناریۆكە دەزانن‌و ڤیدیۆكانیان بینیوە، ئەی بۆچی تازە هاتووە دەپرسێت ڤیدیۆكان ئاشكرا نەكراون تا شتێك پەردەپۆش بكەن؟ رێبوارێك كە خۆی و هاوڕێكانی خۆیان بە پرۆفیشنال دەزانن، چۆن تەنیا دوای رۆژێك لە دەستگیركرانی كەسی سەرەكی و بەردەوامیی لێكۆلینەوە داوای ئاشكراكردنی گشت ڤیدیۆكان دەكەن؟. رێبوار پێی خۆشبوو درۆ و دەلەسەكانی لڤین و میللەت ڕاست دەربچن نەك دەستی ئاغاكانی ئاشكرا ببن. ئەم زاتە ریسوایە ناتوانێت بەرگری لە ئاغا ریسواكانی بكات".

هـ ـ ح